پەرلەمانتارێك زانیاری لەبارەی گفتوگۆی شاندی كوردی لە بەغدا ئاشكرا دەكات

:: PM:08:57:26/01/2021 ‌

ئێستە شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدایە بە مەبەسنتی گفتوگۆكردن لەبارەی پشكی هەرێم و شایستە داراییەكانی هەرێم لە بودجەی گشتی 2021ی عێراق، پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی دارایی زانیاری لەبارەی گفتوگۆكان ئاشكرا دەكات.
فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق خۆیان یەكلا نەكردووەتەوە
دوای دووگەڕی گفتوگۆی نێوان لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و شاندی حكوومەتی هەرێم، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، لە گفتوگۆكاندا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوو بژارەی خستووەتە بەردەم شاندی هەرێم، رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە یان رادەستكردنی تەواوی دۆسیەی نەوت بۆ حكوومەتی فیدراڵی. 

زیاتر گوتی، شاندی هەرێم رەزامەندی پێشان داوە بە رادەستكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆیی و دەروازە سنوورییەكان بۆ بەغدا، بەڵام فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق خۆیان یەكلا نەكردووەتەوە لەبارەی جێگیركردنی هیچ لەو بژارانە لەناو پڕۆژەی بودجەدا.

كۆچەر ئاماژەی كرد، هەردوولا رێككەوتوون بە راسپاردنی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ قسەكردن لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ زانینی كامە بژارە لای ئەوان گونجاوە لەبری ئەو دەقەی ئێستە لەناو پڕۆژەكەدا هەیە و حكوومەتی رەوانەی كردووە.  

لای خۆیەوە ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ سێشەم گوتی، هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆیی و دەروازە سنوورییەكان رادەستی حكوومەتی عێراق دەكات، بەرانبەر بە پێدانی زیاتر لە 12%ی بودجەی عێراق وەك پشكی هەرێم.

بەپێی زانیارییەكان گفتوگۆكانی شاندی حكوومەتی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەشێوەیەكی باش بەڕێوە دەچێت، لەوكاتەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق داوا دەكەن بەرانبەر بە پەسندكردنی پشكی بودجەی هەرێم، دەبێت تەواوی دۆسیەی نەوت رادەستی بەغدا بكاتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل