ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا لە بەریتانیا گەیشتە 100 هەزار كەس

:: AM:10:29:27/01/2021 ‌
مردن بە هۆی كۆرۆنا لە بەریتانیا لە هەڵكشاندایە و ژمارەكەی گەیشتە سەرووی 100 هەزار كەس. ئەو ژمارەیە لە كاتێكدا دەخرێتەڕوو، بەرپرسانی تەندروستی بەریتانیا دەڵێن تا دوو هەفتەی تریش هیچ ئومێدێك بۆ دابەزینی رێژەی مردن بەهۆی كۆرۆنا لەو وڵاتە لە ئارادا نییە.

وەزیری تەندروستی بەریتانیا ئاشكرای كرد، تەنیا دوێنێ سێشەم هەزار و 631 كەس بەهۆی كۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە. لە پێنجی ئاداری ساڵی 2020 یەكەم حاڵەتی مردن بەهۆی كۆرۆنا لەو وڵاتە راگەیەنرا.

 كریس ویتی یەكێك لە ئەندامانی باڵای دەستەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە بەریتانیا گوتوویەتی، لەوانەیە تا دوو هەفتەی تر رێژەی مردن بەهۆی كۆرۆنا لە گەشە بوەستێت و تا ماوەیەك لە ئاستێكی جێگیردا بمێنێتەوە.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، لە بەریتانیا رێكاری توند بەرانبەر كۆرۆنا گیراوەتەبەر و سەرەڕای ئەوەش تیرەی نوێی كۆرۆنا لەم وڵاتە دۆخێكی زۆر خراپی هێناوەتە كایەوە، تەنیا دوێنێ 30 هەزار كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون، هەرچەندە ژمارەی تووشبووان بەراورد بە رۆژانی پێشتر دابەزیوە.

رەخنەیان لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی پێكوتە كرد كە نەیانتوانیوە لە كاتی پێویست و بەگوێرەی گرێبەست پێكوتەكان رادەست بكەن


رێبەرانی وڵاتانی ئەوروپا لە چەند رۆژی رابردوودا، بە توندی رەخنەیان لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی پێكوتە كرد كە نەیانتوانیوە لە كاتی پێویست و بەگوێرەی گرێبەست پێكوتەكان رادەست بكەن، تا بتوانن ژمارەیەكی زیاتری خەڵك بكوتن و رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا كەم بكەنەوە.

پێویستە بگوترێت ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە دنیادا 100 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە، دوو ملیۆن و 150 هەزار كەسیش بە ڤایرۆسەكە گیانیان لە دەست داوە.

ئەمەریكا بە 25 ملیۆن تووشبوو و 431 هەزار مردن لە ریزبەندی یەكەمی وڵاتان دێت و دوای ئەویش هیندستان و بەرازیل و رووسیا، بەریتانیا و فڕەنسا هەڵكەوتوون.


وشە - سلێمان تاشان