(مینی دراما له ژێر ناوی ورده گێڕانه‌وه‌كان و به‌ناوی "ته‌وه‌كول"، ده‌رهێنه‌ر: محه‌مه‌د باقر موفیدی كیا)
ڕاستییه‌كه‌ی ده‌بوو لێكدانی "ئاماژه شاراوه‌كان"م به "ئاماژه زۆر ڕوونه‌كان" بگۆڕیایه، به‌ڵام له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دراما كورته‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، شاراوه لێره‌دا چه‌ند ته‌وسئامێز و گاڵته‌جاڕانه‌یه بۆ نواندنێكی درامیی ئاوا.
له ڤیدیۆیه‌كی كورتی حه‌وت خوله‌كیدا، هه‌وڵ ده‌درێت بێ ده‌سه‌ڵاتی و بێ ئیراده‌یی پێشمه‌رگه و كورد و سه‌رۆك بارزانی كه وه‌ك هێما و نیشانه‌ی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی و ئیراده‌ی ده‌سته‌جه‌معی خه‌ڵكی كورده، له هه‌مبه‌ر داعش بخرێته ڕوو، به‌ڵام ئه‌مه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی سیناریۆی گێڕانه‌وه‌كه نییه، سه‌ره‌تا ده‌بێ بڵێم به چاوخشاندنێك به زۆرینه‌ی ئه‌و فیلم و درامایانه‌ی له‌باره‌ی مێژووی كورد و خه‌باتی سیاسی و ئاماده‌یی كورد له ڕووداوه جۆراوجۆره‌كاندا، له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه (ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یش كه ده‌چنه خانه‌ی سینه‌مای سه‌ربه‌خۆوه) دروست كراون، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌م شێوه نواندن و وێناكردنه شتێكی نوێ نییه، به‌ڵكو ئه‌مه وێنه و ئیماژێك بووه له كورد كه هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی و ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاته‌كانی پێش ئه‌ویشه‌وه، ئاماده بووه.
بۆچی ئاماژه‌كانم به‌شێوه‌یه‌كی ته‌وسئامێز و به شاراوه ناو بردووه، چونكه ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م ئیماژ و وێنانه زۆر كڵێشه‌یی و ڕوون و چه‌ند پاته‌ن. فیلمه‌كانی كانی مانگا، گوڵه‌كان و گو‌لله‌كان، چ، ئۆپراسیۆنی كه‌ركووك، هێرش بۆ سه‌ر H3 و ده‌یان فیلمی تر، هه‌ر ئه‌و وێنه‌یه ده‌نوێنرێته‌وه كه ئێسته به‌شێوه‌ی تر و له ئاستی تردا نه‌خشێنراوه. تا شوێنێك كه ئه‌م دۆخه زاڵ و دیسكۆرسه سینه‌ماییه، كاریگه‌ریی نه‌رێنی و ناڕاسته‌وخۆ و ناوشیاره‌نه‌یشی له‌سه‌ر ئه‌و نواندنانه‌ی سینه‌ماكاری وه‌ك قوبادی داناوه، له دواجاردا ئه‌وه‌ی ده‌ینوێنێته‌وه كوردێكی سته‌مدیده و بێ ده‌سه‌ڵات و چاوه‌ڕوانی خێر و ده‌ركه‌وتنی تیشكی ڕزگاریكه‌ری ئه‌ویتره!
له‌م فیلمه‌یشدا، هه‌مان وێنا و ئیماژ له‌ڕێی كه‌ڵكوه‌رگرتن له فه‌زاسازی و دیالۆگێكی ئامانجداره‌وه، به‌رهه‌م هاتووه‌ته‌وه.
گێڕه‌ره‌وه كه ئێمه ده‌نگی ده‌بیستین و به‌سه‌ر كۆی ڕووداوه‌كاندا زاڵه، له پاش هه‌موو ڕووداوه‌كانه‌وه خه‌ریكه قسه ده‌كات و ده‌گێڕێته‌وه، واته وه‌گێڕ خۆی گه‌یشتووه به‌و قه‌ناعه‌ته كه ئه‌نجامی ئه‌و شته‌ی ده‌یڵێت و به دروستی بینیویه‌تی، ئه‌وه‌یه كه لێره‌دا ده‌یڵێت و ئێمه ده‌یبینین و ده‌یبیستین. واته ڕزگاركردنی هه‌ولێر بۆ پاراستنی خه‌ڵكێكی سته‌مدیده و بێ ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆك له هه‌مبه‌ر داعش و شكۆدان به ئێران و قاسم له هه‌مبه‌ر هێزه‌كانی ئینگلیز، فڕه‌نسا، توركیا و عه‌ره‌بستان و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكایش!
ته‌نیا بوونی حاجی قاسم بووه‌ته هۆی ترس و تۆقینی هێزێكی ئایدۆلۆجی دڕنده‌ی وه‌ك داعش!
ئه‌وه‌ی له زمانی ئایدۆلۆجیی سیاسیی شیعه بزانێت، تێده‌گات "ته‌وه‌كول" یه‌كێك له چه‌مكه سیاسییه
ئایدۆلۆجییه‌كانیانه و ماهییه‌تی سیستمێكی ئاینی پێ ده‌ناسرێت، لێره‌دا نامۆبوونی رۆحی سه‌رۆك له‌گه‌ڵ باوه‌ڕ و ئیمان به ڕزگاری، زه‌ق ده‌كه‌نه‌وه. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م دیالۆگه یه‌كێك له‌و دیالۆگانه‌یه كه ڕاسته‌وڕاست ده‌ڵێت: ئێوه بۆیه سه‌رناكه‌ون، چونكه ئیمانتان نییه!
ڕاستییه‌كه‌ی په‌رده‌ی كۆتایی ئه‌م مینی درامایه، به ده‌ربڕینێكی كڵێشه‌یی و قاره‌مانانه له ستایشی حاجی قاسم كۆتایی پێ دێت كه نه‌ك ته‌نیا ده‌رخه‌ری ڕۆڵی حاجی قاسم له ڕزگاركردنی هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستانه، به‌ڵكو ده‌ربڕی ئه‌وه‌شه كه حاجی قاسم چ هه‌یبه‌ت و هه‌یمه‌نه‌یه‌كی له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه و ته‌نانه‌ت داعشه‌كان شكستی سه‌ره‌كییان كاتێك بووه كه له ڕێی دووربینه‌كانیان وێنه‌ی حاجی قاسمیان بینیوه. واته ته‌نیا بوونی حاجی قاسم بووه‌ته هۆی ترس و تۆقینی هێزێكی ئایدۆلۆجی دڕنده‌ی وه‌ك داعش!
ئه‌مه ئه‌و ڕه‌هه‌ند قاره‌مانییه فووتێكراو و پووكاوه‌یه‌یه كه میدیای ئێرانی هه‌میشه له پیاوانی گیانبازی خۆی ده‌یخاته ڕوو! وێنه‌یه‌كه ده‌یه‌وێت نه‌مری دروست بكات و دروستیشی ده‌كات بۆ ئه‌و وه‌رگرانه‌ی كه نه‌رمیی له مردنی ئه‌وانیتر‌دا ده‌بیننه‌وه!
به سه‌رنجدان به‌و مینی درامایه، ده‌رده‌كه‌وێت فیلمی وه‌ها هیچ مه‌به‌ستێكی بۆ خستنه‌ڕووی واقیعی ڕووداوه‌كان تێدا نییه، چونكه له بنه‌مادا ناتوانێ واقیع جگه له چوارچێوه‌ی تێگه‌یشتن و هه‌ڵگۆسته‌ی به‌رته‌سكی خۆی، ببینێت. دیدگایه‌ك كه دنیا و هاوكێشه ئاڵۆزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كێشه‌ی كورد دێنێته ئاستی ئه‌وه‌ی كێ ڕێبازی حه‌قه و كێ ناحه‌ق و ناڕاست، تێگه‌یشتنێك كه میراتی سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كانه و هێشتا به دوای به‌ره شه‌ڕه ئایدۆلۆجییه‌كاندا ده‌ڕوات و ئێسته به‌شێوه‌ی تر بۆ گه‌یشتن به هه‌مان مه‌به‌ست، فۆرمۆله ده‌بێت.
له بنه‌ڕه‌تدا فیلمی وه‌ها نه ده‌كه‌ونه چواچێوه‌ی كاری هونه‌رییه‌وه، نه درامایه‌ك به پشتیوانی هه‌ندێ دۆكیۆمێنتی واقیعی پێشان بده‌ن، به‌ڵكو ئه‌م جۆره فیلمانه ته‌نیا له خزمه‌تی ئایدۆلۆجیایه‌كی ته‌واو و ڕه‌هاخوازدان، درۆیه‌كی سیستماتیك و به‌هونه‌ری كراوه، بۆ شێواندنی ڕاستی ڕووداوه‌كان و حه‌قیقه‌تی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ڕووی داوه. ته‌نیا ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ كه ئێران له خه‌یاڵێكی دابڕاو له دنیای تازه‌دا ده‌ژی و میله‌ته‌كه‌یشی به‌و دنیا خه‌یاڵییه ئاراسته ده‌كات، له كاتێكدا ئێسته دنیا زۆر گۆڕاو و خێرایه.