ئێڤێریستۆ دێ ماسیدۆ، یه‌كه‌م هێرشبه‌ری به‌رازیلی بوو له یانه‌ی بارسێلۆنادا یاریی كرد و زیاتر له رۆناڵدۆ و رۆماریۆ گۆڵی بۆ ئه‌و یانه‌یه كرد، هاوكات ژماره‌ی گۆڵه‌كانی به به‌راورد به‌و یارییانه‌ی كردوونی، له نه‌یمار و ریڤاڵدۆیش زیاتره.
ئه‌و ئه‌فسانه‌یه له‌سه‌ر داوای عوده‌ی سه‌دام حوسێن بووه راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق.
گۆڵه مێژووییه‌كه‌ی ماسیدۆ له به‌رانبه‌ر ریال مه‌درید بووه هۆی ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌م جار یانه‌ی شاهانه له چامپیۆنزلیگی ئه‌وروپا ده‌ربكرێت و كۆتایی به ئیمپراتۆرییه‌ته‌كه‌ی بێت، هه‌ر ئه‌و گۆڵه، ئیڤێریستۆی كرد به ئه‌فسانه‌كه‌ی بارسێلۆنا، هه‌ڵبه‌ت دوو ساڵ دوای ئه‌و گۆڵه، له‌گه‌ڵ ریاڵ مه‌درید گرێبه‌ستێكی كرد و بوو به هێرشبه‌ری ئه‌و یانه‌یه‌ش، كه ئه‌مه پێشهاتێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو.
ریكۆردی پێنج گۆڵی
ئه‌و ئه‌فسانه‌یه له به‌رازیلیشدا ریكۆردی پێنج گۆڵی له یه‌ك یارییه‌كدا هه‌یه، كه ته‌نانه‌ت پێلێی یاریزانی ئه‌فسانه‌ی به‌رازیلیش ئه‌و ریكۆرده‌ی تۆمار نه‌كردووه.
ئێڤێریستۆ دێ ماسیدۆ، راهێنه‌ری 16 تیپی جیاوازی كردووه و له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداری رژێمی به‌عسیشدا، راهێنه‌ری تیپی عێراق بووه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و هه‌رگیز عێراقی نه‌بینیوه.
ئه‌ستێره‌یه‌ك له ریۆ دی جانیرۆ
ماسیدۆ له ساڵی 1933 له باكووری ریۆ دی جانیرۆدا له‌دایك بووه، سه‌ره‌تا هه‌ر بۆ كاتبه‌سه‌ربردن له كۆڵان یاریی ده‌كرد، ساڵی 1950 و له ته‌مه‌نی 17 ساڵی له‌گه‌ڵ یه‌ك له هاوڕێكانی چوو بۆ ئه‌وه‌ی یانه‌ی مادۆریرا تاقیكردنه‌وه‌ی یاریزانی بۆ بكه‌ن، ئه‌و ته‌نیا وه‌ك هاوڕێیه‌ك له‌گه‌ڵی رۆیشت، به‌ڵام له‌و كاته‌وه ژیانی ئیڤێریستۆ وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینی.
به‌هۆی كه‌میی یاریزانه‌وه راهێنه‌ری ئه‌و یانه‌یه داوایان له ماسیدۆ كرد یارییان بۆ بكات، جووتێك پێڵاوی كۆن و ته‌سكیان پێ دا و ناردیانه نێو یاریگه‌وه، ئه‌و گه‌نجه 17 ساڵانه به جۆرێك یاریی كرد، كه سه‌رنجی هه‌مووانی بۆ لای خۆی راكێشا و یانه‌كه داوایان لێ كرد بۆ رۆژی دواتریش بچێته‌وه و یارییان بۆ بكات.
له ماوه‌ی دوو ساڵدا، ماسیدۆ 18 گۆڵی له 35 یاری بۆ یانه‌ی مادۆریرا تۆمار كرد، ته‌نانه‌ت گۆڵی له كاستێلۆی گۆڵپارێزی ئه‌فسانه‌یی كرد، كه ئه‌و كات گۆڵپارێزی یانه‌ی فلۆمینێنزی و هه‌ڵبژارده‌ی نیشتیمانیی به‌رازیل بوو.
به‌ره‌و هه‌ڵبژارده‌ی نیشتیمانی
به هۆی ئه‌و یارییه نایابه‌ی له مادۆریرا نمایشی كرد، بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵمپییی كرا بۆ به‌شداریكردن له ئۆڵمپیادی ساڵی 1952، كه له هیلسنكی كرا، له‌و ساڵه دا به‌رازیل له سێ یارییدا نۆ گۆڵی تۆمار كرد، به‌ڵام له قۆناغی پێش كۆتایی به ئه‌ڵمانیا دۆڕا.
دوای ئۆڵمپیاد، ماسیدۆ كه هه‌میشه خۆی به لایه‌نگری یانه‌ی فلامینگۆ ده‌زانی، پێوه‌ندیی به‌و یانه‌یه‌وه كرد و له ماوه‌ی سێ ساڵ دا ئه‌و یانه‌یه‌ی سێ جار كرده پاڵه‌وان.
ئه‌و ئه‌فسانه‌یه ده‌ڵێ، فلامینگۆ هه‌میشه له‌ناو دڵی مندا بووه، له‌گه‌ڵ مامم ده‌چووینه یاریگه و سه‌یری یارییه‌كانیمان ده‌كرد، سه‌رباری ئه‌وه‌ی یانه‌كانی ڤاسكۆ دی گاما و فلۆمینێنزی چه‌ندان جار بانگهێشتیان كردبووم، من ته‌نیا فلامینگۆم خۆش ده‌ویست. ئه‌و یانه‌یه زۆر شتی به من دابوو و هه‌میشه خۆم به قه‌رزداری ده‌زانم.
ماسیدۆ هێرشبه‌رێكی به‌هێز و بێ به‌زه‌یی بوو، یاریزانێك بوو كه تا ئێسته‌یش زۆربه‌ی ئه‌و ریكۆردانه‌ی تۆماری كردوون، وه‌ك خۆی ماونه‌ته‌وه و هیچ یاریزانێك نه‌یتوانیوه بگاته ئاستیان.
له‌و 103 گۆڵه‌ی له ماوه‌ی 191 یارییدا بۆ فلامینگۆ تۆماری كردووه، له یارییه‌كیاندا به ته‌نیا پێنج گۆڵی كردووه و به ئه‌نجامی 12-2 گۆڵ له یانه‌ی "كریستۆئاڤ"یان برده‌وه كه به گه‌وره‌ترین بردنه‌وه له مێژووی یاریگه‌ی ماراكانا هه‌ژمار ده‌كرێت، هاوكات له یاریی خولی ئه‌مه‌ریكای باشووریشدا له ساڵی 1957 له كاتێكدا، كه دوو ئه‌فسانه‌ی وه‌ك گارینیشا و نیڵتۆن سانتۆس له‌گه‌ڵی هاوتیپ بوون، 9-0 گۆڵ له كۆڵۆمبیایان برده‌وه و له‌و 9 گۆڵه‌دا پێنجیان له‌لایه‌ن ماسیدۆوه تۆمار كرا، ته‌نانه‌ت پێلێی ئه‌فسانه‌ی مێژووی تۆپی پێش ئه‌و ژماره‌یه‌ی تۆمار نه‌كردووه.
به‌ره‌و ئه‌وروپا و بارسێلۆنا
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی یارییه‌كانی مۆندیالی 1958 ماسیدۆ له یانه‌ی فلامینگۆ جیا بووه‌وه، بارسێلۆنا خه‌ریكی خۆ كۆكردنه‌وه بوو، ئه‌وكات جۆزێف سامیتێر راهێنه‌ری یانه‌كه بوو، بۆ دۆزینه‌وه‌ی هێرشبه‌رێك به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكای باشوور گه‌شتی كردبوو، جۆزێف ئاگاداری ئه‌وه بوو كه ئیتالییه‌كانیش به‌دوای ماسیدۆوه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵدا واژوو بكه‌ن، پێشنیازێكی خسته به‌رده‌م باوكی ئه‌و یاریزانه، كه هه‌رگیز نه‌یتوانی ره‌تی بكاته‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی ماڵپه‌ڕی یانه‌ی بارسێلۆنا، گرێبه‌سته‌كه به به‌های 700 هه‌زار پیزۆتا بوو، كه ده‌یكرده شه‌ش هه‌زار پاوه‌ند "نزیك به 140 هه‌زار پاوه‌ندی ئێسته" بۆ هه‌ر ساڵێك یاری كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌دا.
دوای سێ مانگ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی "نۆرما" هاوسه‌رگیریی بكات گه‌ڕایه‌وه به‌رازیل.
له باره‌ی ژیانی هاوسه‌رییه‌وه ماسیدۆ ده‌ڵێ، ژیان له بارسێلۆنا ئاسایی و یه‌كجار هێمنه و هیچ كێشه‌یه‌كم نه‌بوو، به ته‌واوی وه‌ك ژیانی ریۆ دی جانیرۆ لێی راهاتبووم.
وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، ئه‌وكات تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نه‌بوون، هه‌ر یاریزانێك كۆمه‌ڵێك هه‌واداری خۆی هه‌بوو، یانه‌كانیش هه‌موو شتێكیان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كردن، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌وان متمانه‌ی زۆریان به ئێمه هه‌بوو، ده‌مانتوانی به ئازادی بچینه ده‌ره‌وه و شه‌ڕابی ئیسپانی بخۆینه‌وه و هه‌رچی ئاره‌زوومان هه‌بێ بیخۆین، زۆر نایاب بوو".
ماسیدۆ زۆر به خێرایی له‌گه‌ڵ ژیانه نوێیه‌كه‌ی راهات، له یه‌كه‌م یاریی فه‌رمی له یاریگه‌ی كامپ نوو، له سێپته‌مبه‌ری ساڵی 1957 گۆڵی تۆمار كرد، شه‌ش مانگ دواتر بوو به یه‌كه‌م یاریزان له‌و یاریگه‌یه‌دا سێ گۆڵ "هاتریك" تۆمار بكات، له سه‌ره‌تای وه‌رزی دواتریشدا دووباره‌ی كرده‌وه و ئه‌م جاره‌یان له یارییه‌كدا سێ گۆڵی له ریال مه‌دریدی پاڵه‌وانی ئه‌وروپا تۆمار كرد.
ماڵپه‌ڕی فه‌رمی بارسێلۆنا ئیڤێریستۆ دێ ماسیدۆی وه‌ك یه‌ك له باشترین یاریزانه بیانییه‌كان ناو بردووه و به "به‌رازیلییه به‌تواناكه" وه‌سفی كردووه و نووسیویه‌تی: "له كاتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه وه‌ك كه‌سێكی بێ به‌زه‌یی ده‌رده‌كه‌وت، به هه‌ردوو قاچی یارییه‌كی نایابی ده‌كرد، لێدانی سه‌ری زۆر به هێز بوو، یه‌كجار خێرا و به‌هێز یاریی ده‌كرد. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه وایان كرد بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ له‌گه‌ڵ یانه‌ی بارسێلۆنا بمێنێته‌وه".
ئه‌وكات كه هێڵنیڤ هێرێرا راهێنه‌ری بارسێلۆنا بوو، هه‌ر یه‌ك له یاریزانانی وه‌ك لازلۆ كۆپالا و لویز سوارێز له‌گه‌ڵ ماسیدۆ یارییان ده‌كرد و توانیان دوو جار بارسێلۆنا بكه‌ن به پاڵه‌وانی خولی ئیسپانیا و جارێكیش پاڵه‌وانیه‌تیی جامی شای ئیسپانیا و دوو جاریش پاڵه‌وانی جامی یوێفا.
ئاماره‌كانی له بارسێلۆنا
ناوه‌ندی ئاماری بارسێلۆنا بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌و راپۆرته، به بی بی سی راگه‌یاندووه، ماسیدۆ له 151 یاریی فه‌رمی 105 گۆڵی بۆ ئه‌و یانه‌یه تۆمار كردووه، به‌ڵام ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی یانه‌كه نووسیویه‌تی له 237 یارییدا توانیویه‌تی 181 گۆڵ تۆمار بكات.
ریڤاڵدۆ، كه له ساڵی 1997ه‌وه تا ساڵی 2002 بۆ یانه‌ی بارسێلۆنا له 235 یاری 129 گۆڵی تۆمار كردووه، بۆ بی بی سی ئاشكرای كردووه، ئێڤێریستۆ له من زیاتر گۆڵی بۆ بارسێلۆنا كردووه، به‌ڵام من گۆڵه فه‌رمییه‌كانم زیاتره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی گۆڵه‌كانی ئه‌و له یارییه دۆستانه‌كاندا تۆمار كراوه.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه "ماسیدۆ له بارسێلۆنا رێزێكی زۆری لێ ده‌گیرێت و وێنه‌كانی ئێسته‌یش له شوێنی جلگۆڕین هه‌ڵواسراون، یاریزانێكی گه‌وره بووه و خزمه‌تی زۆری به تۆپی پێی به‌رازیل كردووه، من له بارسێلۆنا به گه‌وره‌یی ئه‌و پیاوه‌م زانی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌مووان باسیان ده‌كرد".
سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه، ماسیدۆ له سه‌رجه‌م یاریزانه به‌رازیلییه‌كانی مێژووی بارسێلۆنان زۆرترین گۆڵی به‌رانبه‌ر ژماره‌ی ئه‌و یارییانه تۆمار كردووه، كه بۆ ئه‌و یانه‌یه ئه‌نجامی داوه.
ریال مه‌دریدی تێك‌شكاند
23ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1960 له یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی جامی ئه‌وروپا له یاریگه‌ی كامپ نوو، كه 120 هه‌زار هانده‌ر ئاماده‌بوون، ماسیدۆ له هه‌شت خوله‌كی كۆتایی یارییه‌كه‌دا گۆڵێكی مێژوویی به لێدانی سه‌ر تۆمار كرد و بووه هۆی ده‌ركردنی ركابه‌ره سه‌رسه‌خته‌كه‌ی بارسێلۆنا، ئه‌و گۆڵه وای كرد ریال مه‌درید له بردنه‌وه‌ی شه‌شه‌مین جامی یه‌كله‌دوای یه‌كی خولی پاڵه‌وانانی ئه‌وروپا دوور بخرێته‌وه.
بارسێلۆنا بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی خۆیدا چووه فایناڵی ئه‌وروپا، له‌و پاڵه‌وانیه‌تییدا ئێڤێریستۆ شه‌ش گۆڵی تۆمار كرد، به‌ڵام له یاریی كۆتاییدا كه به یاریی "فایناڵی ستوونه چوارگۆشه‌كان" ناسراوه له یاریگه‌ی ڤینكدۆرف برێن، به ئه‌نجامی 2-3 گۆڵ به یانه‌ی بێنفیكای پۆروتوگالی دۆڕان.
ماسیدۆ ده‌ڵێ "رۆژێكی زۆر ناخۆش بوو بۆ بارسێلۆنا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێكمان بۆ بوون به پاڵه‌وان هه‌بوو، جگه له چانس، ستوونی گۆڵه‌كان چوار گۆشه‌یی بوون و ئێمه پێنج تۆپمان به‌ر ستوونه‌كان كه‌وت، له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر ستوونه‌كه لووك بوایه، هه‌ر نه‌بێ هه‌ندێكیان چووبانه ناو گۆڵه‌وه، هه‌رچه‌ند بێنفیكاش تیپێكی به‌هێز بوو".
ئێڤێرێستۆ له ریال مه‌دریده
چه‌ند مانگێك دوای فایناڵی ساڵی 1961، ماسیدۆ به‌هۆی ئه‌وه‌ی قبوڵی نه‌كرد ببێت به هاووڵاتیی ئیسپانی، كێشه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی بارسێلۆنا بۆ دروست بوو، چووه ریال مه‌دریده‌وه، به‌رپرسانی بارسێلۆنا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن یاریزانێكی تری بیانی بكڕن، داوایان له ماسیدۆ كردبوو ره‌گه‌زنامه‌ی ئیسپانی وه‌ربگرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاسای ئه‌وكاتی هێنانی یاریزانان به شێوه‌یه‌ك بوو، كه ده‌بوو ته‌نیا یه‌ك یاریزانی بیانی بكڕن.
ماسیدۆ توانی له ریال مه‌دریدیش كۆمه‌ڵێك گۆڵی نایاب تۆمار بكات و ئه‌و یانه‌یه به یه‌كێك له یاریزانه ئه‌فسانه‌ییه‌كانی خۆی ناوی بهێنێت و ناوی بخاته پاڵ ئه‌لفرێدۆ دی ستیڤانۆ و فێرنیك پوشكاش و رائوول.
ماسیدۆ له ته‌مه‌نی 33 ساڵی و له ساڵی 1965 ماڵئاوایی له یاری تۆپی پێ كرد و دواتر بوو به راهێنه‌ری به‌رازیل و دانی ئالڤێش یه‌ك له‌و یاریزانانه‌یه، كه ماسیدۆ خستوویه‌تییه نێو دنیای تۆپی پێیه‌وه.
مه‌شقی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق
ساڵی 1985 هه‌ڵبژارده‌ی عێراق توانی بۆ مۆندیالی 1986ی مه‌كسیك سه‌ربكه‌وێت و داوایان له ماسیدۆ كرد راهێنه‌رایه‌تیی تیپی عێراق بكات، كه به تیپه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن ناوبانگی ده‌ركردبوو.
ئێڤێریستۆ دێ ماسیدۆ ده‌ڵێ "راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ عوده‌ی كوڕی سه‌دام حوسێن" قسه‌م كرد، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌چووم بۆ عێراق، ئێمه له ئه‌وروپا یه‌كترمان بینی و دواتر راسته‌وخۆ چووین بۆ مه‌كسیك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وكات عێراق له‌گه‌ڵ ئێران له شه‌ڕدا بوون.
عێراق یه‌كه‌م جار بوو له مۆندیال به‌شداریی ده‌كرد و هه‌ر سێ یاری له قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كاندا دۆڕاند و كرایه ده‌ره‌وه، دوای ئه‌وه به فه‌رمانی سه‌دام حوسێن سه‌رجه‌م یاریزانه‌كان ره‌وانه‌ی مه‌یدانی شه‌ڕی عێراق - ئێران كران و تیپه‌كه هه‌ڵوه‌شایه‌وه.
خانه‌نشینی و پشوو
ماسیدۆ ساڵی 2005 به ته‌واوه‌تی خانه‌نشین بوو و ئێسته زیاتر كاته‌كانی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی به‌ڕێ ده‌كات و سه‌یری یارییه‌كانی یانه‌ی فلامینگۆ ده‌كات و سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ش بوو به باپیره.
هیدایه‌ت جان