دۆناڵد ترەمپ لە خولی دووەمی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن شكستی خوارد و نەیتوانی لە جۆ بایدنی ركابەر بباتەوە، دوای ئەگەری سەركەوتوو نەبوونی لێپرسینەوەی ترەمپ لە ئەنجوومەنی پیران، قسە لەسەر ئەوەی دەكرێ لەوانەیە ئەو بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024 دیسان خۆی بپاڵێوێت.
لە 20ی ئەم مانگە كاتێك دۆناڵد ترەمپ كۆشكی سپی جێهێشت، لە پەیامێكدا باسی لەوە كرد كە دووبارە دەگەڕێتەوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە پارتی كۆماریخوازان كە تووشی كێشەی ناوخۆیی بووە دووبارە لە رێی ترەمپەوە دەتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەربكەوێت.
لە یاساكەدا ئاماژە بەوە نەكراوە ئەو دوو خولە هەر دەبێ بەسەریەكەوە بێ
بەپێی یاساكانی ئەمەریكا هەر سەرۆكێك دوو خول بۆی هەیە ببێتە سەرۆكی ئەمەریكا و رێی زیاتری پێ نادرێت، بەڵام لە یاساكەدا ئاماژە بەوە نەكراوە ئەو دوو خولە هەر دەبێ بەسەریەكەوە بێ، بەڵكو دەكرێ دابڕانیشی تێدابێت و دووبارە كورسییەكە بەدەست بهێنێتەوە.
دوای لێپرسینەوەی جاری دووەمی دۆناڵد ترەمپ لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەشداری ترەمپ بۆ خولێكی تر كەمتر باسی لێوە دەكرا، بەڵام ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن ئەنجوومەنی پیران لە لێپرسینەوەی ترەمپ شكست دەخوات. دواین پڕۆژەی كۆمارییەكان لە ئەنجوومەنی پیران، ئەو ئومێدەی زیاتر كردووە كاتێك 45 سێناتۆر رەتیان كردەوە لێپرسینەوە لەگەڵ ترەمپ بكەن و هەنگاوەكەیان بە نایاسایی هەژمار كرد.
ئەگەر لێپرسینەوەكە سەری بگرتایە، ئەوا دۆناڵد ترەمپ بۆی نەبوو هیچ پۆستێكی فیدراڵی لە ئەمەریكا وەربگرێت
لێپرسینەوەی ترەمپ لە مانگی شوباتدا دەكرێت و ئەگەری زۆرە ترەمپ هیچ رێكارێكی لەدژ نەگیرێتەبەر. ئەگەر لێپرسینەوەكە لە ئەنجوومەنی پیران سەری بگرتایە، ئەوا دۆناڵد ترەمپ بۆی نەبوو هیچ پۆستێكی فیدراڵی لە ئەمەریكا وەربگرێت و لە زۆر مافەكانیشی بێبەش دەبوو.
دۆناڵد ترەمپ بەوە تۆمەتبار كراوە هانی خەڵكی داوە رۆژی شەشی كانوونی دووەم، هێرش بكەنە سەر كۆنگرێس كە بەهۆیەوە پێنج كەس گیانیان لە دەست دا و زیان بە پێگەی دیموكراسی ئەمەریكا كەوت.
ژمارەیەك لە راوێژكارانی دۆناڵد ترەمپ، پێشتر بەر لەوەی قۆناغی سەرۆكایەتی ترەمپ تەواو بێت، داوایان لێ كردبوو دەست لە كار بكێشێتەوە تا لە مەترسی بێبەشكردن لە بەشداری هەڵبژاردن و هەر جۆرە سزایەك بەدوور بێت.
ترەمپ خۆی بە فەرمی لەسەر دووبارە خۆپاڵاوتن، هیچ شتێكی بە ئاشكرا نەگوتووە
دۆناڵد ترەمپ خۆی بە فەرمی لەسەر دووبارە خۆپاڵاوتن، هیچ شتێكی بە ئاشكرا نەگوتووە، بەڵام بە هاوپەیمانی خۆی گوتبوو لەوانەیە بڕیارێكی لەم شێوەیە بدات. دوای ئەو شكستەی لە هەڵبژاردنی 2020 بەر ترەمپ كەوت، پێشبینی دووبارە بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن زیاتر بووە.
بەگوێرەی
ئیندێپێندنت، برایان لانزا راوێژكاری پێشووی ترەمپ گوتبووی، پێگەی ترەمپ هێشتا بەهێزە و دەتوانێ لە خولی داهاتوودا دووبارە كورسیی سەرۆكایەتی مسۆگەر بكاتەوە. ئەو هەروەها دەڵێت ئەگەر دۆناڵد ترەمپ دیسان بیەوێ راوێژم پێ بكات، پێی دەڵێم بەشداری بكات، چونكە هێشتا خەڵكێكی زۆر پشتیوانیت دەكەن و دەكرێ چوار ساڵی تر سەرۆكایەتی ئەمەریكا بكەیت.
بە ترەمپی گوتووە بێتەوە مەیدان و رێبەرایەتیی بزووتنەوەكەی بكات.
لە لایەكی ترەوە لیندسی گراهام سێناتۆری كۆماریخواز كە لایەنگرێكی سەرسەختی دۆناڵد ترەمپە، گوتی پێشتر بە ترەمپی گوتووە بێتەوە مەیدان و رێبەرایەتیی بزووتنەوەكەی بكات.
هاندانی خەڵك بۆ هێرشكردنە سەر كۆنگرێس، كاریگەری زۆر خراپی لەسەر پێگەی ترەمپ هەبوو و تەنانەت لە ناوخۆی پارتی كۆماریخواز، خەڵكێكی زۆر رەخنەی توندیان لە ترەمپ گرت و پارتەكە تووشی جۆرێك ناكۆكی ناوخۆیی بووە. بەشێك لە نوێنەرانی كۆماریخواز لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پشتیان لە ترەمپ كرد. لێكۆڵەرەوان دەڵێن ئەو هاندانەی ترەمپ وایكردووە لایەنگرێكی زۆری ترەمپ لەو دوور بکەونەوە.
دامەزراوەی پۆلیتیكۆ مۆرنینگ راپرسییەكی كردووە، بە گوێرەی راپرسییەكەش، 40%ی كۆماریخوازان و خەڵكی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنی ساڵی 2024 دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ دەدەن ئەگەر دووبارە خۆی بپاڵێوێت.
ئەگەر لێپرسینەوە لە ئەنجوومەنی پیران لە قازانجی ترەمپدا بشكێتەوە و دۆناڵد ترەمپ دووبارە بخوازێت لە خولێكی تردا بەشداری هەڵبژاردن بكات، ئەوا یەكەم سەرۆك نابێت ئەم كارە دەكات، بەڵكو پێشتر لە مێژووی سەرۆكایەتییەكانی ئەمەریكا سەرۆكێكی تر بۆ دوو خولی جیاواز، سەرۆكایەتی ئەو وڵاتەی كردووە.
كلیلوەند بە 22یەمین و 24ەمین سەرۆكی ئەمەریكا هەژمار دەكرێت.
گراوێر كلیلوەند كە لە ساڵی 1884 بووە سەرۆكی ئەمەریكا، لە ساڵی 1888 لە هەڵبژاردن شكستی خوارد، بەڵام لە ساڵی 1892 دیسان بۆ خولێكی تر بووە سەرۆكی ئەمەریكا. كلیلوەند بە 22یەمین و 24ەمین سەرۆكی ئەمەریكا هەژمار دەكرێت.