گۆڕان لەناو ڕێكخستنەكانیدا ڕاپرسی بوونەوە بە ئۆپۆزسیۆن دەكات

:: AM:08:41:25/02/2017 ‌

بزووتنەوەی گۆڕان، دوای ئەوەی بۆی یەكلا بووەتەوە كە ناتوانێت وەك جاری پێشوو بچێتەوە ناو حكوومەت و پەرلەمانەوە، ئێستە لەناو ڕێكخستنەكانیدا ڕاپرسی و بیروراگۆڕینەوە دەكات بەوەی ئاخۆ ببێتەوە بە ئۆپۆزسیۆن یان نا، ئەم هەوڵەیشیان دوای پێداگری پارتی دیموكراتی كوردستان دێت لە نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد وەك سەرۆكی پەرلەمان و ئەنجامدانی ڕێككەوتنی نوێ‌ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت. 

بزووتنەوەی گۆڕان لە كابینەی هەشتی حكوومەتی هەرێم بەشداری كرد و چوار وەزارەتی پێ درا لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام ماوەی زیاتر لە ساڵێكە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لە حكوومەت دوور خراوەتەوە و پەرلەمانیش لەكار كەوتووە، بەڵام تا ئێستە گۆڕان بە فەرمی كشانەوەی لە حكوومەت ڕانەگەیاندووە.

"وشە" ئەوەی زانیوە بەهۆی نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و بێ ئومێدبوونی گۆڕان لە وەرگرتنەوەی پەرلەمان و چوونەوە ناو حكوومەت بەو قورسایییەی پێشووی، سەرقاڵی ڕاپرسییە لە ناوخۆی رێكخستنەكانی خۆیدا بۆ ئەوەی ببێتەوە بە ئۆپۆزسیۆن.
شۆڕش حاجی گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ "وشە"ـی ئاشكرا كرد، ئەگەرەكان لە بەردەم گۆڕاندا كراوەن، بەڵام تا ئێستە جڤاتی نیشتمانی هیچ بڕیارێكی نەداوە. حاجی گوتی "لەناو گۆڕاندا بۆچوونی جۆراوجۆر هەن، بەڵام دوا بڕیار لای جڤاتی نیشتمانییە. 

حاجی ڕوونی كردەوە كە هەموو گۆڕانێك بە بڕیارەكانی جڤاتەوە پابەندن، بۆیە بۆ گۆڕان كشانەوە لە حكوومەت ئاسانە.

بزووتنەوەی گۆڕان كە لە ساڵی 2009دا لەلایەن نەوشیروان مستەفا، جێگری ئەوكاتی سكرتێری گشتیی یەكێتی و چەند ئەندام مەكتەب سیاسی و سەركردایەتییەكی تر دروست كرا، لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009دا 25 كورسیی پەرلەمانی بەدەست هێنا و چوار ساڵی یەكەم ئۆپۆزسیۆن بوو، ئێستەش بەشێك لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەكە داوای بوونەوە بە ئۆپۆزسیۆن دەكەن.

عەدنان عوسمان هەڵسووڕاوی ئەو بزووتنەوەیە، ئاماژەی بە پێویستی كشانەوەی گۆڕان لە حكوومەت كرد و پێی وابوو دەبێت گۆڕان ببێتەوە بە ئۆپۆزسیۆن.

ئەو هەڵسووڕاوە بە"وشە"ـی گوت، "جێی خۆی بوو هەر زۆر زوو گۆڕان لە حكوومەت بكشێتەوە، بەڵام ئێستە كە گۆڕان لە حكوومەت نەماوە و هەڵبژاردنەكانیش نزیك بوونەتەوە، دەبێت گۆڕان خۆی یەكلا بكاتەوە و كشانەوەی خۆی لە حكوومەت ڕابگەیەنێت".
 بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، گۆڕان بێ ئومێد بووە لە چوونەوە ناو حكوومەت و پەرلەمان، بۆیە دەیانەوێت ببنەوە ئۆپۆزسیۆن تا لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا دەنگی خەڵك بۆ لای خۆیان ڕابكێشنەوە.

شۆڕش حەسەن، مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، بە"وشە"ی گوت، "هاوكێشەكە تا ئاستێك ڕوونە، گۆڕان بێ ئومێد بووە لە چوونەوە ناو حكوومەت و پەرلەمان، ئەوەی مەبەستیەتی لە حكوومەت بكشێتەوە و بە هەڵمەتی ڕاگەیاندن و هێرشكردنە سەر حكوومەت و حزبەكان دەیەوێت لە هەڵبژاردندا شكست نەهێنێت."

 سلێمانی- شاد كەیوان




وشە - تایبه‌ت