پێش ئه‌وه‌ی كچه‌كانی بگه‌نه ته‌مه‌نی گونجاو و كه‌سێتی یاسایی په‌یدا بكه‌ن، له‌لایه‌ن باوكییانه‌وه به شوو دراون، هاوسه‌رگیرییه‌ك به‌رامبه‌ر به بڕێك پاره بۆ هه‌ردوو كچه‌كه‌ی.
ده‌یه‌وێ به "سۆزی" ناوی ببرێت، ئێسته ته‌مه‌نی ٢٠ ساڵه، له‌گه‌ڵ دایك و برایه‌كی ده‌ژێت، ژیانێك وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، "كاركردنه بۆ په‌یداكردنی نان بۆ خێزانه شێواوهكهمان"، ئه‌و خێزانه‌ی كه باوكی هه‌ڵیوه‌شانده‌وه و ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌ی رێكی بخاته‌وه.
سۆزی ئاوا باسی ژیانی ده‌كات، "ئێمه خێزانێكی پێنج كه‌سی بووین، خوشكێكی له خۆم گه‌وره‌ترم هه‌بوو، باوكم زۆر به‌منداڵی و له ته‌مه‌نی 14 ساڵیدا به‌رامبه‌ر به هه‌زار دۆلار به زۆر به شووی دا، خوشكه‌كه‌م ئاگه‌داری هیچ نه‌بوو، له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا هه‌موو شتیان بڕانده‌وه و خوشكه‌كه‌یان بردین، پاش دوو ساڵ هه‌مان شت به‌سه‌ر خۆمدا هاته‌وه".
كاتێك سۆزی پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایی ته‌واو ده‌كات، باوكی له قوتابخانه ده‌ری دێنێت، "كچ و خوێندنیان نه‌گوتووه، تا راوچییه‌كی چاكم لێ هه‌ڵده‌كه‌وێ خزمه‌تمان بكه، دواتر تۆش له كۆڵ خۆم ده‌كه‌مه‌وه"، سۆزی ده‌ڵێ باوكی به‌رده‌وام به‌و شێوه‌یه قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردووه.
خێزانه‌كه‌ی سۆزی له شاری هه‌ولێر ده‌ژیان، پاش به زۆر به شوودانی خوشكه‌كه‌ی، ئێواره‌یه‌ك باوكی ده‌گه‌ڕێته‌وه و داوا له سۆزی و دایكی ده‌كات خواردنی 20 میوان ئاماده بكه‌ن.
"باوكم گوتی ئه‌و كچه‌شم به مێرد دا، من ده‌ستم به گریان كرد، پاڕامه‌وه بڕیاره‌كه‌ی بگۆڕێت، باوكم ده‌یگوت تازه پاره‌ی خۆم وه‌رگرتووه. شه‌و میوانه‌كان هاتن و ماره‌یان كردم، ویستم ئاگر له خۆم به‌ربده‌م و براكه‌م رێگه‌ی لێ گرتم، ئه‌و شه‌وه باوكم زۆری لێ دام و ده‌یگوت جارێ مێرده‌كه‌ت بكه و بڕۆ له‌وێ خۆت بسووتێنه".
به‌هه‌مان شێوه‌ی خوشكه‌كه‌ی، سۆزیش له ماوه‌ی كه‌متر له دوو هه‌فته‌دا رێوڕه‌سمی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی كۆتای دێت، سۆزی له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌یدا هه‌وڵ ده‌دات ژیانێكی نوێ ده‌ست پێ بكات، به‌ڵام ئه‌و ژیانه‌ی چاوه‌ڕێی ده‌كرد دروست نه‌بوو.
ئه‌و ده‌ڵێ، "هه‌وڵم ده‌دا ژیانم له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌م خۆش بێت، به‌ڵام ئه‌و له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا به‌منی ده‌گوت تۆم وه‌ك خزمه‌تكارێك كڕیوه، چیم بوێ وات لێ ده‌كه‌م".
سۆزی به‌رده‌وام ده‌بێ له گێڕانه‌وه‌ی ژیانه تاڵه‌كه‌ی، "مێرده‌كه‌م زۆر به ئاشكرا ژنی ده‌هێنایه‌وه ماڵه‌وه، ده‌یگوت ئه‌مشه‌و ژنێك دێنمه‌وه، خواردنم بۆ ئاماده بكه و خۆشت ملت بشكێنه و بڕۆوه ماڵی بابه ناپیاوهكهت. من دوو ساڵ هه‌موو ئه‌وه‌م قبووڵ كرد، دووگیان بووم، هیوادار بووم له‌دایكبوونی منداڵه‌كه‌مان ژیانمان بگۆڕێت".
وه‌ك سۆزی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، هاوسه‌ره‌كه‌ی كاتێك ده‌زانێت دووگیانه، بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ باش ده‌بێت، "به‌ڵام ئه‌و باشییه‌ی به‌رده‌وام نه‌بوو، دووباره ده‌ستی كرده‌وه به هه‌ڵسوكه‌وتی خراپتر، ته‌نانه‌ت ژنی ده‌هێنایه‌وه و هاوڕێكانیشی بانگ ده‌كرده ماڵه‌وه، دایك و باوكم ئاگه‌دار كرده‌وه، باوكم ده‌یگوت بێته‌وه ماڵه‌وه ده‌یكوژم، ناچار بووم بێ ده‌نگ بمێنمه‌وه".
پاش له‌دایكبوونی منداڵه‌كه‌ی، هاوسه‌ره‌كه‌ی سۆزی بڕیاری دووه‌م هاوسه‌رگیری ده‌دات و سۆزی داوای لێ ده‌كات له‌و جیا ببێته‌وه، "ئه‌و پێمی ده‌گوت نا تۆ ده‌بێت خزمه‌تمان بكه‌یت، پاش ئه‌وه‌ی زانی ره‌زامه‌ند نابم، تووشی كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌تری كردم و هه‌وڵی دا ده‌سته پیسه‌كانی خۆی به من بسڕێته‌وه".
سۆزی زیاتر ده‌ڵێ، "من هه‌ر پێداگیر بووم له‌سه‌ر جیابوونه‌وه، رۆژێك ده‌ستی منی گرت و راده‌ستی پۆلیسی كردم و گوتی ئه‌و ژنه ناپاكی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كردووم، منی به هه‌بوونی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كێك له هاوڕێیه‌كانی تۆمه‌تبار كرد كه به‌یه‌كه‌وه ژنی خراپیان ده‌هێنایه ماڵه‌وه، ئه‌و هاوڕێیه‌ی چووبووه ئه‌وروپا و ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تی دابوو هه‌ردووكمان به‌یه‌كه‌وه تۆمه‌تبار بكات".
سۆزی له‌سه‌ر سكاڵای مێرده‌كه‌ی ماوه‌ی شه‌ش مانگ له گرتووخانه راگیراوه، له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه پێی راگه‌یه‌نراوه ئه‌گه‌ر ده‌ستبه‌رداری منداڵه‌كه‌ی ببێت، ئه‌وه واز له سكاڵاكه‌ی دێنێت و لێشی جیا ده‌بێته‌وه.
"من رازی نه‌بووم، به‌ڵام باوكم هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی له من و دایكم كرد، ناچار بووم ده‌ستبه‌رداری منداڵه‌كه‌م ببم، به‌تایبه‌ت كاتێك دایكم سه‌ردانی كردم و پێی راگه‌یاندم باوكت خانووه‌كه‌ی فرۆشتووین و ئێمه‌ی جێ هێشتووه و ژنێكی تری هێناوه، من وازم له منداڵه‌كه‌م هێنا و جیا بووینه‌وه و بۆ لای دایكم گه‌ڕامه‌وه".
ئه‌وكاته‌ی سۆزی له هاوسه‌ره‌كه‌ی جیا بووه‌ته‌وه، ته‌مه‌نی منداڵه‌كه‌ی شه‌ش مانگ بووه، ئێسته بووه‌ته دوو ساڵ و شه‌ش مانگ و به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ش نه‌یتوانیوه منداڵه‌كه‌ی بببینێت.
ئێسته سۆزی له‌گه‌ڵ دایك و برایه‌كه‌ی له شاری هه‌ولێر ده‌ژی، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ جارێكی تر خێزانه شێواوهكهیان دروست بكه‌نه‌وه.
تێبینی: چیڕۆكه‌كه راسته‌قینه‌یه و ناوی سۆزی خوازراوه.
هه‌ولێر/ ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان