ئەوانەی تووشی كۆرۆنا بوون دیسان تووش دەبنەوە

:: PM:01:34:02/02/2021 ‌
ئەوانەی پێشتر كۆرۆنایان گرتووە، دیسان لە بەردەم مەترسی تووشبوون بەو ڤایرۆسەن و تەنانەت ئەگەری زۆرە تووشی تیرەكانی نوێی كۆرۆناش ببن.

دكتۆر ئەنتۆنی فاوچی بەڕێوەبەری ئەنستیتیوتی نیشتمانیی ئالێرژی و نەخۆشییەكان رای گەیاند، هەموو ئەوانەی تووشی كۆرۆنا بوون، نابێت وا بیر بكەنەوە ئیتر تووش نابنەوە.

ئەو داوای لە خەڵك كردووە هەر كە پێكوتەكەیان بۆ دابین كرا، بە بێ دوودڵی لە خۆیانی بدەن، چونكە پێكوتەكەیە لە مردن  رزگاریان دەكات و دڵنیاییان پێ دەبەخشێت.
زۆر لە هاووڵاتییان ناخوازن خۆیان بكوتن و متمانەیان بەو پێكوتانە نییە كە بەرهەم هاتوون

پێویستە بگوترێ لە ئەمەریكا زۆر لە هاووڵاتییان ناخوازن خۆیان بكوتن و متمانەیان بەو پێكوتانە نییە كە بەرهەم هاتوون، بۆیەش فاوچی دەیەوێت خەڵكی زیاتر هان بدات تا خۆیان بكوتن.

لە ئەوروپاش بەشێك لە هاووڵاتییان ئەو بۆچوونەیان هەیە، هەرچەندە هێشتا هەڵمەتی كوتان تەنیا بۆ هەندێك توێژ و تەمەنی دیاریكراو دەستی پێ كردووە.

بەگوێرەی worldometers ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە دنیادا گەیشتووەتە 103 ملیۆن كەس و ملیۆنێك و 250 هەزار كەسیش گیانیان لە دەست داوە.



وشە - سلێمان تاشان