كتێبی "متمانه‌ی سیاسی به سیستمی سیاسی هه‌رێمی كوردستان" له نووسینی د. بارزان جه‌وهه‌ر نووسه‌ر، توێژه‌ر و مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان، چاپ و بڵاو كرایه‌وه و ئێسته له به‌رده‌ستی خوێنه‌راندایه.
ئه‌م كتێبه جگه له تاوتوێكردنی تیۆرییانه‌ی بابه‌تی "متمانه‌ی سیاسی به سیستمی سیاسی هه‌رێمی كوردستان"، له ده‌روازه‌یه‌كی مه‌یدانی پێكهاتووه كه نووسه‌ر نموونه‌كانی له سه‌رتاپای هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه و به‌شێوه‌یه‌كی زانستییانه له رێی پێشكه‌وتووترین ئامرازه ئامارییه‌كان، داتاكانی شیكاری كردووه.
زیاتر 70%ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان متمانه‌یان به سیستمی سیاسی هه‌رێمی كوردستان نییه
له‌مباره‌یه‌وه د. بارزان جه‌وهه‌ر به "وشه"ی گوت: له‌و كتێبه‌دا له دوای داتا شیكارییه‌كان، به‌و ده‌رئه‌نجامه گه‌یشتم كه زیاتر 70%ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان متمانه‌یان به سیستمی سیاسی هه‌رێمی كوردستان نییه، ته‌نیا 30%یان متمانه‌یان به یه‌كه‌كانی سیستمی سیاسی ماوه.
توێژه‌ر ئه‌م دابه‌زینی متمانه‌یه بۆ خراپیی ئه‌دای دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان و ده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، وه‌ك سێ ده‌سه‌ڵاته فه‌رمییه‌كه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، هه‌روه‌ها پارته سیاسییه‌كان و میدیا و دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كه رۆڵی سه‌ره‌كییان بینیوه له دابه‌زینی متمانه‌ی سیاسی خه‌ڵك به سیستمی سیاسی.
زیاتر گوتی: خراپبوونی متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له نێوان تاكه‌كان و خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ش، رۆڵیان له دابه‌زینی ئاستی متمانه به دامه‌زراوه سیاسییه‌كان بینیوه، چونكه هاوكات له‌گه‌ڵ پرسیاری متمانه‌ی سیاسی، پرسیاری متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیش كراوه و ئه‌وه‌ی جێی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه، رێك به‌قه‌د متمانه‌ی سیاسی، متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیش دابه‌زیوه.
ڕوونی كرده‌وه، جگه له ئه‌دای خراپی دامه‌زراوه فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كانی سیستمی سیاسی، خراپبوونی متمانه‌ی ناوخۆی تاكه‌كانیش هۆكارێكی سه‌ره‌كی بووه بۆ دابه‌زینی متمانه‌ی سیاسی.
د. بارزان جه‌وهه‌ر توێژه‌ر و نووسه‌ری كتێبه‌كه پێی وایه، كه‌مبوونه‌وه‌ی متمانه‌ی سیاسی سه‌رده‌كێشێ بۆ دابه‌زینی به‌شداریی سیاسی و دواتر ناسه‌قامگیریی سیاسی به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی شه‌رعییه‌تی سیاسی، بۆیه پێویسته رێكاری خێرا بۆ به‌رگرتن له‌م هه‌ڕه‌شه سیاسییه بگیرێته‌به‌ر.