سه‌رهه‌نگ موحسین: خۆم لە بیستنی ھەواڵ و بینینی یارییەكانی هه‌ولێر دەدزمەوە

:: PM:03:43:09/02/2021 ‌
سه‌رهه‌نگ موحسین گۆڵپارێزێكی ناوداری كوردستان و عێراقه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ باشترین گۆڵپارێزه‌كانی نزیكه‌ی 20 ساڵی رابردووی تۆپی پێی كوردستان و عێراق.

سه‌رهه‌نگ موحسین یه‌كێك له‌ ئایكۆنه‌ دیاره‌كانی تۆپی پێی یانه‌ی هه‌ولێر بوو، كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ ئه‌زموونێكی نوێدا له‌ یانه‌ی ئه‌مانه‌ی به‌غدا یاریی ده‌كات و ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش ده‌كات.

سه‌رهه‌نگ جگه‌ له‌وه‌ی وه‌رزشوانه‌، به‌هره‌ی جیاوازی تریشی هه‌یه‌، شیعر ده‌نوسێت، گۆرانی ده‌ڵێت، سه‌روكاری له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌ب هه‌یه‌ و كه‌سایه‌تییه‌كی جیاوازی له‌ وه‌رزشوانانی تر هه‌یه‌.

سه‌رهه‌نگ له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ وشه‌ سپۆرت، باس له‌ ئه‌زموونی یارییكردن له‌ به‌غدا و ژیانی ئه‌وێ ده‌كات، هه‌روه‌ها راشكاوانه‌ له‌ باره‌ی یانه‌ی هه‌ولێر و یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری و هانده‌رانی قه‌ڵای زه‌رد، وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌داته‌وه‌.

ئەزموونی یاریكردن لە یانەی ئەمانەی بەغدا چۆن دەبینیت؟

 ھاتنم و یارییكردنم لە ئەمانەی بەغدا دەنگدانەوەیەكی سەرتاسەریی گەورە بوو، تا رادەی ئەوەی راگەیاندن و خەڵك بە شایستەی ئەوەم بزانن بۆ جاری سێیەم بگەڕێمەوە ھەڵبژاردەی عێڕاق و بە باشترینی ھەردوو مانگی ١١ و ١٢ی خولیش ھەڵبژێردرام، لەگەڵ ئەوەیشدا پێم وایە من شتێكی زیادەم نەكردووە، بەڵكو وەك ساڵی پار، كە لەگەڵ یانەی برایەتی بووم و وەك ساڵەكانی تری رابردووش، گۆڵەكەمم پاراستووە، بەڵام تێبینی ئەوەم كرد لێرە شتەكان تەواو جیاوازن و ھەر ھەنگاوێكت نرخی خۆی ھەیە. 

  تا چەند لەگەڵ یانەكەت ئاسوودەی؟ 

جارێ سەرەتایە، لە خوای گەورە دەخوازم تا كۆتایی وەرز تەندروستییەكی باشم پێ بدا، خۆیشم مەشقێكی باش دەكەم تا ئەو ئاسوودەبوونەم لەگەڵ ئەمانەی بەغدا درێژەی ھەبێ.

 ژیان لە شاری بەغدا بۆ تۆ چۆنە، ئایا بە تەنیای یان خانەوادەكەشت لەگەڵتن؟

بەڵێ خانەوادەكەم لەگەڵمن، ئەوان ھێز و بارگاویبوونەوەی منن، سەبارەت بە ھاتنیشمان، سەرەتا لەلایەن دایك و باوكمەوە ئامۆژگاری دەكرام ئاگاداری خۆم بم بەھۆی دۆخی نالەباری بەغداوە، بەڵام كاتێك ماڵم گواستەوە و نیشتەجێی بەغدا بووم، تێگەیشتم شارەكە بەو خراپییە نییە، كە لە شاشەكان دەمانبینی، تیڤییەكان ھەمیشە ئەو شوێنەت نیشان دەدەن، كە كێشەی لێیە، نەك دیوی دووەمی شارەكە، كە وەك ھەر شارێكی دنیا ئارامە و ژیان تێیدا ئاساییە.

 مامەڵەی یانەكەت لەگەڵ تۆ چۆنە، ھەست بە ھیچ جیاوازییەك كردووە بەھۆی ئەوەی كوردیت؟ 

ئەگەر ھێندەی گەردێك جیاوازییەكم لە یانەكەم یان دراوسێیه‌كانم و خەڵك ببینیایه‌، راشكاوانە وام دەگوت، بەڵام دڵنیایی بەو یاریزانانەیش دەدەم كە لە داھاتوودا نیازی ھاتنە یانەكانی ئێرەیان ھەیە، پێیان دەڵێم بێ خەم بن، ھەموو شتێك باشە، ئێسته‌ تێدەگەم ئەو جیاوازی نەتەوەییە لە كام بوار سەرچاوەی گرتووە و ئاوا زەق كراوەتەوە، سوپاس بۆ خوا وەرزش لەو جیاوازیكردنە بێ بەرییە، مامەڵەی یانەكەشم زۆر پێشەگەرانەیە.

پەیوەندیت لەگەڵ یاریزانان و ھاندەرانی یانەكەت چۆنە؟

تایبەتمەندییەك لە منداڵییەوە لەگەڵمە، ئەویش دوورەپەرێزییە، كە زادەی ژیانی بێ باوكی و تەمەنی پڕ لە نەھامەتی منداڵیمە، لەگەڵ گەورەبوونم كارم لەسەر نەمانی ئەوە كردووە، ئیدی بایی مەشق و یارییەكان پەیوەندییەكی باشم لەگەڵ سەرجەم یاریزانەكان ھەیه‌.

 ئاستی ئەم وەرزەی خولی عێڕاق چۆن دەبینی؟ 

وەرزێكی سروشتی نییە و بە مێژووی خولەكە مۆیە، خەریكە دەگەینە كۆتایی قۆناغی یەكەم، كەچی نزیكەی سەرجەم یانەكان ركابەری یەكترن و بە خاڵ لە یەكتری نزیكن، ئەمەیش خولەكەی بردووه‌تە قۆناغێكی ھەستیارەوە، كە پێم وایە نەبوونی ھاندەر ئەو دۆخەی خولقاندووە.

پێت وایە ئەم وەرزە كێ دەبێتە پاڵەوانی خولی عێراق؟

 تا ئەمڕۆ سێ یانە جەماوەرییەكە پەیامی ئەوەیان ھەیە ئەوان بن، بەڵام چونكە زۆر ئەنجامی چاوەڕواننەكراومان بینی، بۆیە پێم وایە قۆناغی داھاتوو قۆناغێكی زەحمەت دەبێ بۆیان، دەنگی تر ھەیە دەڵێ منیش ھەم.

 پێشبینی چ ئەنجامێك بۆ تیپەكەت لەم وەرزدا دەكەیت؟

بەوە ڕازی نەبووم بگوترێ ئەمانەی بەغدا وەك ھەر ساڵێك شوێنی لە ناوەڕاستی ریزبەند بەرەو سەرەوەیە، خەریكم دەڵێم بۆ ركابەریی لەسەر پلەكانی پێشەوە نەكەین!
 ھەندێك ھاوڕام پەیدا كردووە، یانەكەش كەموكوڕی تیپەكەی لەم بازاڕی گواستنەوەیە پڕ كردووه‌تەوە، ئەمە ھۆكارێكی باشە بۆ ئەوەی كۆكبوونی بیروڕای ھەموومان دروست ببێ بۆ ركابەریكردنی پلەكانی پێشەوە.

سەیری یارییەكانی یانەی ھەولێر دەكەیت؟ بەڕاشكاوی ئاستی گۆڵپارێزەكانی ھەولێر چۆن دەبینی؟ 

خۆم لە بیستنی ھەواڵ و بینینی یارییەكانی هه‌ولێر دەدزمەوە، ھەست دەكەم بۆ ئێسته‌م ئاوا باشترە، بۆیە ھیچ ھەڵسەنگاندێكم بۆ ناكرێ.

 بیری یانەی ھەولێر و ھاندەرانی ناكەیت؟

 بێ شك ئەوە روو دەدا كاتێك تۆ تەمەنێكت لەگەڵ ئەو یانەیە و ھاندەرانی بەسەر بردبێ.

كاتێك دەگەڕێیتەوە یاریگەی فرانسۆ ھەریری و بەرامبەر ھەولێر یاریی دەكەیت، پێت وایه‌ ھەستت چۆن دەبێت؟ 

مەبەستم تەنیا یاریگه‌كەیە، كە دەڵێم حەز بەڕوودانی ئەوە ناكەم لە یاریگه‌ی فرانسۆ ھەریریدا خۆم ببینمەوە و دژ بە یانەی پێشووم یاریی بكەم، ئەگەر ئه‌مه‌ش روو بدات، وەك ھەمیشە زوو ھەزمی دۆخەكە دەكەم و لە ئامادەباشیدا دەبم.

چ شتێك ھەیە وای بكات ھەست بە خەم و ئازار بكەیت؟ 

ئێسته‌ ھیچ بەھانەیەكم بۆ خەمخواردن و ئازارچەشتن نییە، لە نێو ویستی قەدەردام و خەریكم چێژ لە كاتەكانم وەردەگرم.



پرۆفایل

سەرھەنگ موحسین نادر 
له‌ 1-12-1986 له‌ گەڕەكی 92ی ھەولێر له‌ دایك بووه‌.

له‌ یانەكانی پێشكەوتن، لاوانی ھەولێر، ھەولێر، شوڕتە، برایەتی یاریی كردووه‌، ئێسته‌ش له‌ یانه‌ی ئەمانەی بەغدا یاریی ده‌كات.
له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێر چه‌ندان نازناوی له‌سه‌ر ئاستی خوله‌كانی كوردستان و عێراق به‌ده‌ست هێناوه‌.

 له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ ھەڵبژاردەی كوردستان،  لاوانی عێراق، ئۆڵمپی عێراق و ھەڵبژاردەی یه‌كه‌می عێراق یاریی كردووه‌

















وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا