لە جیاتی کش مەلیک!

:: PM:12:26:11/02/2021 ‌
ئاراس رواندزی

 لە جیهانی تۆپی پێدا دوورخستنەوە و گۆڕینی راهێنەر کارێکی ئاسایی و یاساییە، بەو پێیەی سەرپەرشتیار و بەرپرسیاری یەکەمی تیپە، بۆیە هەمیشە لە کاتی شکست،  پەنجەی تۆمەتی بۆ رادەکێشرێت و زۆر جاریش دووردەخرێنەوە، رادان گاسانینی كڕواتی،  کە پێشتر ئەزموونێکی سەرکەوتووی لەگەڵ یانەکەی پایتەختدا هەبوو، ئەمجارە باجێکی قورسی پێ درا و وێڕای ئەوەی کرایە قوربانی تەکەتولاتی یاریزانەکان، شکستی دەستەی کارگێڕیشی پێ داپۆشرا!

لێرەدا پێویستە جەماوەر و شەقامی وەرزشی ئەو راستییە بزانن، کە راهێنەرە کڕواتییەکە هۆکاری روودانی ئەو ئەنجامە خراپانە نەبوو، چونکە لە کاتی هاتنی و بەر لە دەستپێکی خولی عیراقیش،  داوای لێکرابوو تیپێک لە یاریزانانی کورد بنیات بنێ، ئەوسا تاکە مەرج تەنیا مانەوە لە ریزی نایاب بوو، نەک رکابەرییکردن بۆ بەدەستهێنانی خانەکانی پێشەوە، ئەی کەوایە بۆ دوورخرایەوە؟

سەرەتا دەمەوێ بڵێم دوورخستنەوەی رادان هەڵەیەکی ستراتیژیی بوو، پێم وانییە بە ویستی خۆیشی دەستی لەکارکێشابێتەوە، بەڵکو ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کراوە، چونکە ئەو پڕۆژەیەکی درێژخایەنی بۆ پێگەیاندنی لاوانی پایتەخت هەبوو، لێ پڕۆژەکەی و خەونی لە مێژینەی وەرزشکارانیش کە بوونی تیپێکی تۆکمە لە رۆڵەکانی قەڵا و منارە بوو، زیندەبەچاڵ کرا و راهێنەری ناوبراویش کرایە قەڵغان بۆ پاراستنی کورسیی کەسانێک و شاردنەوە و نەزانینی شوێنی راستەقینەی برینەکە! 

بە بڕوای من، ئه‌گەر لە پێکهاتەکە سەرەڕمێکی لێهاتوو هەبوایە، هەرگیز دۆخی یانەکە بەو رۆژە نەدەگەیشت، ئه‌گەر بە ئەرشیفی یارییەکاندا بچینەوە، بە روونی دیارە کە ئاستی تیپەکە بەو شێوە خراپ نەبووە، بگرە لە زۆر یارییدا یانەکە باشتر لە رکابەرەکەی دەرکەوتووە، بەڵام بە هۆی نەبوونی هێرشبەرێکی بەتوانا، نەیانتوانیوە دواهەنگاو کە هەژاندنی تۆڕە، بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەن. 

دیارە فشارە زۆرەکانی جەماوەر و سۆشیال میدیا، کە یاریی دوای یاری زیادی دەکرد، دەستەی کارگێڕی ناچار بە بیرکردنەوە و داڕشتنی بیرۆکەیەک بۆ دەربازبوون لەو دۆخە پڕ شەرمەزارییە کردەوە، بە شێوەیەک بتوانن کورسی و بەرژەوەندیەکانیشیان بپارێزن، بۆیە دواجار جووڵەیەکی زیرەکانەی هاوشێوەی یاریی شەترەنجیان ئەنجام دا، لە کاتێکدا (کش مەلیک) داواکاری جەماوەر بوو، لێ ئەوان بە (کش رادان) هەموو هاوکێشەکەیان سەراوژێر کرد و جگە لە دامرکاندنەوەی تووڕەیی جەماوەر، زوومەکەشیان لەسەر خۆیان لادا و بە بەردێک دوو چۆڵەکەیان راوکرد! 

ئێسته‌ یانەکەی پایتەخت لە قەیرانێکی قووڵدایە، جگە لەوەی تیپەکە بێ راهێنەرە، زانیارییەکان باس لە بوونی کێشە لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانیش دەکەن، هەروەها قەیرانی داراییش هەڕەشە و بەربەستێکی گەورەی بەردەم تیپەکەیە، هەرچەندە یانەکە خاوەنی مۆڵێکی گەورە و چەند شوێنێکی تری پڕ داهاتە! دەستەی کارگێڕییش کە خاوەنی دەستکەوتە زێڕینەکانی دەیەی پێشوون، چەند ساڵێکە دەستەوەستانن و ناتوانن بە هیچ شێوەیەک باری لاسەنگی تیپەکە راست بکەنەوە، بۆیە ئێسته‌ باشترین دەرچە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە، گۆڕانکاری و رێگەدانە بە هاتنە پێشەوەی بیر و ئەقڵی تازە و دروستکردنی دەستەیەکی نوێ، ئەو کردارە هاوتا لەگەڵ هێنانی باشترینەکانی خولی کوردستان و سێ پیشەگەر، کە جیاوازی لە ئاست و ئەنجامی تیپەکە دروست بکەن، دوو فاکتەری کاریگەرن بۆ ئەوەی لە داهاتووی نزیکدا هەولێر بۆ رکابەرییکردنی گەورەکان و رێچکەی سەرکەوتنەکان بگەڕێتەوە. 

لە کۆتاییشدا هیواخوازم بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی، کە بڕیارە رووبده‌ن، دۆخی یانەکە بۆ خاڵی دەستپێک و سەردەمی تەعریبی پێکهاتەکە نەگەڕێتەوە، چونکە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە جارێکی تر تەواوی پێکهاتەکە یاریزانی عەرەب بێت و رۆڵەی شارەکەش لە شوێنی یەدەگەکان بە دیار یارییەوە نینۆکی پەنجەی بخۆن.




وشە - تایبه‌ت