دوو ساڵ جارێك یه‌كێتیى مامۆستایانى كوردستان ناسنامه‌ى ئه‌ندامه‌كانى نوێ ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مساڵ جیاواز له ساڵانى ڕابردوو زۆر له ئه‌ندامانى یه‌كێتیى مامۆستایانى كوردستان ناسنامه‌ى ئه‌ندامبوونیان نوێ نه‌كرده‌وه، ئه‌وه‌ش به‌هۆى نیگه‌رانییان له هه‌ڵوێستى یه‌كێتییه‌كه له به‌رامبه‌ر داخوازى مامۆستایان‌دا.
ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى سكرتێرى یه‌كێتیی مامۆستایانى كوردستان به "وشه"ى راگه‌یاند، ساڵانه ناسنامه‌ى ئه‌ندامانى یه‌كێتیى مامۆستایانى كوردستان له ڕێگه‌ى قوتابخانه‌كانه‌وه نوێ ده‌كرێته‌وه، پێشتر بۆ هه‌ر نوێكردنه‌وه‌یه‌ك كه بۆ ماوه‌ى دوو ساڵه، 25 هه‌زار دینار له مامۆستا وه‌رده‌گیرا، به‌ڵام ئێسته نوێكردنه‌وه‌كه بۆ دوو ساڵ 10 هه‌زار دینار وه‌ده‌گیرێت.
ئه‌و ده‌ڵێ، "مامۆستایان ئازادن له نوێكردنه‌وه‌ى ناسنامه‌كه‌یان و نوێكردنه‌وه‌ى ئه‌ندامیه‌تى خۆیان له یه‌كێتییه‌كه، هه‌ر مامۆستایه‌كیش ئه‌ندامێتى خۆى نوێ نه‌كرده‌وه، ئه‌ندامیه‌تى نامێنێت".
پێشتر ئه‌ندامبوون له یه‌كێتیى مامۆستایانى كوردستاندا ئاره‌زوومه‌ندانه نه‌بوو، مامۆستایان ناچار بوون ئه‌ندامێتى قبووڵ بكه‌ن، به‌ڵام له دوا كۆنگره‌ى یه‌كێتییه‌كه‌دا ئه‌ندامبوون بووه ئاره‌زوومه‌ندانه، ئه‌وه‌ش وای كرد ئه‌و مامۆستایانه‌ى متمانه‌یان به یه‌كێتییه‌كه نییه ناسنامه‌كانیان نوێ نه‌كه‌نه‌وه.
به گوته‌ى سكرتێرى یه‌كێتیى مامۆستایان، "نوێ نه‌كردنه‌وه‌ى ناسنامه‌ى ئه‌ندامێتى لاى به‌شێك له مامۆستایان، كاریگه‌رى له‌سه‌ر یه‌كێتیى مامۆستایان نابێت، چونكه زۆرێك له مامۆستاى نوێش دێنه ریزى یه‌كێتییه‌كه‌وه".
یه‌كێتیى مامۆستایان كوردستان له ئێسته‌دا خاوه‌نى زیاتر له 72 هه‌زار ئه‌ندامه كه پێشتر سه‌رووى 100 هه‌زار ئه‌ندامى هه‌بووه و زۆرترین ئه‌ندامه‌كانیشى له سنوورى پارێزگاى هه‌ولێردان.
سروه سه‌یفه‌دین، ئه‌ندامى یه‌كێتیى مامۆستایانى كوردستان به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، چیتر ئاماده نییه ئه‌ندامبوونى خۆى له یه‌كێتیى مامۆستایان نوێ بكاته‌وه و پێى وایه ئه‌و یه‌كێتییه له ڕابردوو هیچ هه‌ڵوێستى نه‌بووه و هاوكارى مامۆستایانی نه‌كردووه له كێشه‌كانیاندا.
نه‌جات عه‌بدوڵا مامۆستایه‌كى تر كه ناسنامه‌ى ئه‌ندامێتى له یه‌كێتیى مامۆستایان نوێ نه‌كردووه‌ته‌وه بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "ئاماده نیم ناسنامه‌ى ئه‌ندامبوون له یه‌كێتیى مامۆستایان نوێ بكه‌مه‌وه، چونكه ئه‌و یه‌كێتییه هه‌ڵوێستێكى نییه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندى مامۆستایان‌دا".
سه‌نگه‌ر فایه‌ق جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتیى مامۆستایانى كوردستان/لقى سلێمانى به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، پێش كۆنگره‌ى 12ى یه‌كێتیى مامۆستایان له ساڵى 2011، ئه‌ندام بوون ئیجبارى بوو، هه‌ر كه‌س وه‌ك مامۆستا دابمه‌زرایه، ده‌بوو ببێته ئه‌ندام و به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ى خۆشى مانگانه ئابوونه‌وه‌ى لێ وه‌رده‌گیرا.
زیاتر ده‌ڵێ، " له دواى ئه‌و كۆنگره‌یه، ئه‌ندامبوون كرا به ئاره‌زوومه‌ندانه، ئێسته‌ش كه ئه‌ندامبوون نوێ ده‌كرێته‌وه مامۆستا به ویستى خۆیه‌تى نوێى ده‌كاته‌وه یان نا، بۆ ئه‌و مامۆستایانه‌ى كه بڕوایان به ڕێكخراوه‌كه نییه ئازاد بێت، ئێمه‌ش قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ڕێكخراوه به ته‌واوه‌تى نه‌یتوانیوه رێكخراوێكى پیشه‌یى بێت، نه‌یتوانیوه ئامانجه‌كانى بپێكێت و داكۆكى له مامۆستا بكات، به‌ڵام ماناى ئه‌وه نییه كه هیچى نه‌كردبێت".
یه‌كێتیى مامۆستایان له ناوه‌ندى شارى سلێمانى سه‌رووى 10 هه‌زار ئه‌ندامى هه‌یه، ئێسته كه پرۆسه‌ى نوێكردنه‌وه‌ى ناسنامه ده‌ست پێ ده‌كات، روون نییه چه‌ند له‌وان ناسنامه‌كانیان نوێ ده‌كه‌نه‌وه.
جێگرى سه‌رۆكى لقى سلێمانى یه‌كێتیى مامۆستایان ده‌ڵێ، "ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین دوورى له نێوان مامۆستایان و یه‌كێتییه‌كه كه‌م بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام پێمان وایه یه‌كێتیى مامۆستایان به‌هۆى نه‌بوونى راگه‌یاندنه‌وه نه‌یتوانیوه ده‌ستكه‌وته‌كانى به مامۆستایان بگه‌یه‌نێت و ئه‌وه‌ش وای كردووه مامۆستایان وا بزانن یه‌كێتییه‌كه هیچى نه‌كردووه".
سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى