له شارۆكه‌ی كۆڕی ماوه‌یه‌كی كورته فێرگه‌یه‌كی وه‌رزشی دامه‌زراوه و ژماره‌یه‌كی زۆری منداڵان، له‌وێ به هیوا و خه‌ونی گه‌وره‌وه رۆژانه مه‌شق و راهێنان ده‌كه‌ن.
له شارۆكه‌ی كۆڕێ، كه ده‌كه‌وێته نێوان هه‌ردوو شارۆكه‌ی پیرمام و شه‌قڵاوه، ماوه‌ی شه‌ش مانگه فێرگه‌یه‌كی تۆپی پێی لێ كراوه‌ته‌وه و له‌م ماوه كورته‌دا، ژماره‌یه‌كی زۆری منداڵانی ناوچه‌كه له‌وێدا مه‌شق و راهێنان ده‌كه‌ن.
هه‌ڵگورد خۆشناو سه‌رپه‌رشتیاری فێرگهكهیه و بۆ وشه سپۆرت گوتی: " فێرگه‌كه‌مان له ساڵی 2020 دامه‌زراوه و زیاتری شه‌ش مانگه ده‌ست به كار بووینه، 70 منداڵی به‌هره‌مه‌ند له ته‌مه‌نه‌كانی 7 تا 15 ساڵی مه‌شق و راهێنان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ئێمه 7 كه‌سین وه‌ك خۆبه‌خش له‌وێدا كار ده‌كه‌ین".
گوتیشی: "دوو مامۆستای به‌ئه‌زموون و شاره‌زا، كه بڕوانامه‌یان هه‌یه، له فێرگهكهدا كار ده‌كه‌ن و منداڵه‌كان فێری ئه‌لفوبێی تۆپی پێ و وه‌رزش و ره‌وشتبه‌رزیی ده‌كه‌ین".
سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تیی مه‌شق و راهێنانه‌كانیان، هه‌ڵگورد گوتی: "هه‌فتانه 3 رۆژ مه‌شق ده‌كه‌ین، دوو رۆژ له یاریگه‌ی بچووك و رۆژێكیش به پاس ده‌چیته پیرمام بۆ ئه‌نجامدانی مه‌شق و یاری له یاریگه‌ی گه‌وره‌دا، چونكه یاریگه‌ی گه‌وره‌مان له شارۆكه‌كه‌دا نییه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ویست و ئیراده‌ی ئێمه زۆر به‌هێزه و به‌رده‌وام ده‌بین، تا داهاتوویه‌كی باش بۆ منداڵانی ناوچه‌كه‌مان له كوردستان و ده‌ره‌وه‌شدا بونیات بنێین و ئاستیان بگه‌یه‌نینه ئاستێكی زۆر به‌رز له یاریكردندا".
هه‌ڵگورد خۆشناو ئاماژه به‌وه ده‌كات، له‌گه‌ڵ فێرگه‌كانی تر هه‌ماهه‌نگییان هه‌یه، به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ فێرگه‌ی به‌ریتانی، له داهاتووشدا ئایینده‌یه‌كی گه‌وره چاوه‌ڕێی فێرگه و منداڵانی ئه‌وان ده‌كات.
ئه‌و پێی وایه له داهاتوویه‌كی نزیكدا، به‌هره‌مه‌نده‌كانی فێرگه‌كه‌یان ده‌گه‌نه ئاستی یانه‌كانی كوردستان و ده‌رده‌كه‌ون.
"رۆژانه جه‌خت له‌سه‌ر جۆری خواردن و خه‌وتن و ژیانی منداڵانی فێرگه‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه و ده‌مانه‌وێت به باشترین شێوه ژیانی خۆیان رێك بخه‌ن، له رووی جه‌سته‌یی و چالاكیشهوه به‌هێزبن" هه‌ڵگورد خۆشناو وای گوت.
ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره نایشارێته‌وه، كه كێشه‌ی داراییان هه‌یه و ئه‌وان به خۆبه‌خشانه كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام له لایه‌ن دوو سێ كه‌سایه‌تییه‌وه پاڵپشتی و هاوكاریی ده‌كرێن و به‌شێك له پێداویستییه‌كانیان بۆ دابین ده‌كرێن.
له باره‌ی بوونی مۆڵه‌تی كاركردن و كردنه‌وه‌ی فێرگه‌كه، هه‌ڵگورد خۆشناو ئاشكرای كرد، كه له چه‌ند رۆژی داهاتوو به فه‌رمی مۆڵه‌ته‌كه‌یان بۆ ده‌رده‌چێت و ماوه‌یه‌كه خه‌ریكی ئیشوكاری كارگێڕیی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تن.
له هه‌رێمی كوردستاندا له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به ده‌یان فێرگه‌ی وه‌رزشیی له شار و شارۆكه‌كاندا كراونه‌ته‌وه و ژماره‌یه‌كی زۆر له منداڵانی به‌هره‌مه‌ند روویان له‌و فێرگانه كردووه، هه‌رچه‌نده بوونی ئه‌و فێرگانه بێ كێشه و گرفت نییه، به‌ڵام گرنگیی زۆری بۆ پێگه‌یاندنی یاریزانای به‌هره‌مه‌ند هه‌یه، كه بۆ داهاتووی وه‌رزشی كوردستان سوودیان ده‌بێت.