27 حاڵەتی مردن بە كۆرۆنا لە عێراق تۆمار كرا

:: PM:05:48:21/02/2021 ‌

بەپێی دوایین ئاماری تووشبوونی رۆژانەی پەتای كۆرۆنا لە عێراق، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 3187 حاڵەتی تووشبوون تۆمار كراوە، بەرانبەر بە 2002 حاڵەتی چاكبوونەوە و 27 حاڵەتی مردن، وەزارەتی تەندروستی دووپاتی دەكاتەوە ژمارەی داخیڵبوون لە نەخۆشخانەكان زیادی كردووە.
تووشبوون گەیشتووەتە 667937 حاڵەت
بەپێی دوایین راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم بڵاو كرایەوە، لە 24 سەعاتی رابردوو 3187 حاڵەتی نوێی تووشبوون و 2002 حاڵەتی چاكبوونەوە و 27 حاڵەتی مردن لە سەرانسەری عێراق هەبووە، بەوەیش كۆی تووشبوون تا ئێستە گەیشتووەتە 667937 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 618509 حاڵەت و مردنیش 13272 حاڵەت.

ئەمڕۆ یەكشەم حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق رای گەیاند كە ژمارەی ئەوانەی بەهۆی تووشبوون بە كۆرۆناوە سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە زیاد بوونە، ئەوەیش دوای تووشبوونیان بە جۆری نوێی ڤایرۆسەكە كە ئاماژەیەكی مەترسیدارە، بۆیە پێویستە خەڵك پابەندی بەستنی دەمامك و لەیەك دووركەوتنەوە بێت بۆ خۆپارێزی و لە سبەیەوە تیمەكانی وەزارەتی تەندروستی لە سەعات پێنجی بەیانییەوە دەست بە گەڕان دەكەن و بە هاوئاهەنگی وەزارەتی ناوخۆ پێشێلكاران سزا دەدەن.

وەزارەتی تەندروستی عێراق رای گەیاند كە تێكڕای تووشبوونی توند بە كۆرۆنا لەناو منداڵ و گەنجان زیادی كردووە، وەك ئاماژەیەك بەوەی تووشبوونەكە بەجۆرە گۆڕاوەكەی ڤایرۆسەكەیە، بەپێی بەیاننامەیەكی وزارەتەكە، لە ماوەی دواییدا تووشبوونی منداڵ و گەنجانی زیادی كردووە، ئەوەیش بۆ یەكەمجارە روودەدات، هاوكات ئاماژەیەكە بۆ بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێ و گۆڕاوەكەی ڤایرۆسەكە، كە بە خێرایی بڵاوبوونەوە و نیشانە توندەكانی دەناسرێتەوە.  
  
شایەنی باسە تا ئێستە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە دنیا بەردەوامە و دوایین ئاماری تووشبوون گەیشتووەتە نزیكەی 111 ملیۆن و 659 هەزار حاڵەت و مردنیش گەیشتووەتە سەرووی دوو ملیۆن و 472 هەزار حاڵەت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل