كارەبای نیشتمانی دەكرێتە ئەلیكترۆنی ولەجیاتی 20 ئەمپێری پرۆژەیەكی تر جێبەجێ دەكرێ

:: PM:12:22:26/02/2017 ‌

بۆ سنوورداركردنی كارەبای نیشتمانی لە لایەن بەكارهێنەرانەوە، وەزارەتی كارەبا پڕۆژەی بە ئەلیكترۆنیكردنی كارەبای نیشتمانی داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و گوتەبێژی وەزارەتی كارەباش ئاشكرای دەكات، پڕۆژەكە ڕەزامەندی لەسەر دراوە و ئێستە لە هەولێر چەند كۆمپانیایەك  تێستی بۆ دەكەن بۆ ئەوەی وەك تەندەر بە كەرتی تایبەت بدرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 26ی شوبات/فێبرایەر، محەمەد ئەمین هەورامی گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ڕێگەی ڕاوێژكارێكی وەزارەتی كارەبا پڕۆژەی بە ئەلیكترۆنیكردنی كارەبای نیشتمانی بەرز كرایەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ مەبەستی سنوورداركردنی كارەبای نیشتمانی و ئەنجوومەنی وەزیرانیش ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەكە دەربڕی.

زیاتر روونی دەكاتەوە، پڕۆژەكە ناوی نیدەری زیرەكە و بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی كارەبای نیشتمانییە لە هەموو شارەكاندا بە كارەبای ماڵان و كەرتی بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵییەوە و شوێنی پڕۆژەی كارەبای 20 ئەمپێری دەگرێتەوە كە پێشتر پێشنیاز كرابوو.

دووپاتی دەكاتەوە، هێشتا تەندەری ئەو پڕۆژەیە نەدراوەتە هیچ كۆمپانیایەك، بەڵام چەند كۆمپانیایەك هاتوونەتە سەر هێڵ و وەك تێست لە گەڕەكی سێتاقانی شەهیدان لە هەولێر جێبەجێ‌ كراوە و دوای سەركەوتنی لە تاقیكردنەوەكە، وەزارەت تەندەرەكە دەداتە ئەو كۆمپانیایەی كە بە سەركەوتوویی كار لەسەر پڕۆژەكە بكات.

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئاشكرای دەكات، نیدەری زیرەك پڕۆژەكە كارەبای نیشتمانی سنووردار دەكات كە پێوەرێكی ئەلیكترۆنییە و بۆ هەموو ماڵ و شوێنەكانی كوردستان دادەنرێت، پسوولەی تایبەت بەخۆی دەبێت و فێڵ و دزی لە پێوەرە ئەلیكترۆنییەكە ناكرێت و سوودی زۆری بۆ هاووڵاتییان و حكوومەتیش دەبێت.

هه‌ولێر/هێمن ڕەفیق


وشە - هیدایه‌ت جان