"وشە" بڕیارە نوێیەكانی وەزارەتی تەندروستی بۆ قوتابخانەكان بڵاو دەكاتەوە

:: PM:01:58:22/02/2021 ‌
بەپێی نووسراوێكی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خوێندن بەردەوام دەبێت و ڕێكارەكانی خۆپارێزی توند دەكرێنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی شوبات، بەپێی نووسراوێكی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ وەزارەتی پەروەردە نێردراوە، وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە و تێیدا هاتووە، لەبەرئەوەی نەخۆشیی كۆرۆنای نوێ‌ لە هەڵكشاندایە و لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەیە، ئەم مەترسییە لەسەر هەرێمی كوردستانیش هەیە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.

لە نووسراوەكەدا ڕوون كراوەتەوە، بەپێویستی دەزانین هەوڵەكان چڕتر بكرێنەوە بۆ هاندانی هاووڵاتییان بۆ پابەندبوون بە ڕێنوێنییە خۆپارێزییەكان لەم نەخۆشییە.

لە نووسراوەكەی وەزیری تەندروستی ئەوەیش باس كراوە، داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەكەین بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان ئاگەدار بكەنەوە بۆ پابەندبوون بە خۆپارێزی و پابەندبوونی قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەران بە بەستنی دەمامك و دووریی كۆمەڵایەتی.

لای خۆیەوە وەزارەتی پەروەردە بە نووسراوێكی فەرمی بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكانی ناردووە دووپات لە بەردەوامی پڕۆسەی خوێندن دەكاتەوە، بەڵام بە پابەندبوون بەڕێنوێنییە تەندروستییەكان.

ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە دوێنێ‌ پێنج كەیسی كۆرۆنای نوێ لە هەولێر تۆمار كرا، ئەمڕۆش 14 كەیس بەشێوەیەكی گشتیش ژمارەی تووشبووان ڕوو لە بەرزبوونەوەدایە، هەروەها لەو تووشبووانە رەگەزی نێر و مێ هەیە. وەزیری تەندروستیش رای گەیاند، ژمارەی تووشبووان بە خێرایی بەرز دەبێتەوە، بۆیە خۆپارێزی باشترین رێگرییە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری كۆرۆنای نوێ.







وشە - رامیار جەواد