برینی خۆرە چییە؟ هۆكاری دروستبوونی چییە؟ چۆن چارەسەر دەكرێت؟

:: PM:02:26:26/02/2017 ‌

بەگوێرەی ئنسایكلۆپیدیایی پزیشكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی  ئەمەریكا برینی خۆرە بە ئازارترین برین دەستنیشان كراوە كە لە ناوپۆشی دەمدا دروست دەبێ، برینی خۆرە بە سپیبوونەوە یان زەردبوونەوەی ئەو ناوچەیە دەست پێ دەكات و چواردەوری برینەكە سوور دەبێتەوە  و تا ماوەیەك بەردەوامی دەبێ و زۆرجاریش دەبێتە دیاردە و ماوە ماوە لە نێو دەمدا دروست دەبێ، بەگشتی پزیشكیان چەند هۆكارێكیان دیاریی كردووە كە دەبنە هۆی دروستبوونی ئەم جۆرە برینانە و درەنگ چاك بوونەوەیان.

هۆی دروستبوونی برینی خۆرە چییە؟
برینی خۆرە شێوەیەكی باوی برینی دەمن. زۆر جار بەهۆی هەوكردنە ڤایرۆسییەكانەوە دروست دەبێت و لە هەندێ‌ حاڵەتدا دروستبوونی ئەم جۆرە برینە پێوەندی بە سیستەمی بەرگرییەوە هەیە یان بریندار بوونی لێو بە هۆی تیژی ددانەكانەوە، شووشتنی ددان بە فلچەی زۆر ڕەق یان چەند هۆكارێكی دەروونی  و گۆڕانكاری هۆرمۆنەكانی لەش و نەبوونی ڤیتامین یان كەمی ڕێژەی ڤیتامین لە لەش و هەستەوەری بەهۆی خۆراكەوە، گرنگترین هۆكارەكانی دروستبوونی ئەم جۆرە برینەن لەناوەوەی دەمدا.

ئەم جۆرە برینە زیاتر ئافرەتان تووشی دەبن بە بەراورد لەگەڵ پیاوان. هاوكات ئەم برینە توانای گواستنەوەی هەیە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر هەیە، ئەویش بە هۆی پژمین یان كۆكەوە كە ئەو ڤایرۆسە دەچێتە هەواوە و لە لایەن كەسی بەرامبەرەوە هەڵدەمژرێت و كەسی بەرامبەریش تووشی دەبێت.

لێرەدا چەند رێگایەكی ئاسان دەستنیشان دەكەین بۆ ڕزگاربوون لەم برینە:

یەكەم: بە بەكارهێنانی كیسی چا،  كیسی چای سەفەری لە ئاودا بخوسێنن و پاشان بۆ ماوەی 10 خولەك لەسەر ئەو برینەی كە لە نێو دەمتان دروست بووە دایبنێن، كیسی چای سەفەری لەلایەن زانایانەوە توێژینەوەی لەسەر كراوە و بە تەواوی ئەوە یەكلابووەتەوە كە دەبێتە هۆی كەم كردنەوەی هەوكردنی برین و ڕاگرتنی دەم بە پاكی.

دووەم: هەنگوین، هەنگوین بڕێكی زۆر لە ڤیتامین و كانزای سوود بەخشی تێدایە كە بە شێوەیەكی گشتی لە چارەسەركردنی زۆر نەخۆشیدا بەكاردەهێنرێن، بۆ برینی دەم زۆر بە سوودە كە دەبێتە كەمكردنەوەی ئازاری ئەو برینەی كە دروست بووە و ڕێگە لە زیاد بوونی برین دەگرێت بە هۆی بوونی تایبەتمەندی دژە بەكتریاوە.

سێیەم: خوێواو، خۆێ‌ وەكو دژە بەكتریا یان وەكو پاككەرەوە بۆ زۆر كێشەی تەندروستی سوودی لێ وەردەگیرێت، بەكارهێنانی خوێ‌ بۆ برین ڕێگە لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی برین دەگرێ، ئەویش بە تێكەڵكردنی یەك كەوچك لە خوێ‌ لەگەڵ یەك پەرداخ ئاو پاشان شووشتنی دەم بەم خوێواو بەشێوەیەكی زۆر خێرا كۆتایی بە برین دێنێت.

چوارەم: رووەكی  ئالۆڤێرا،  ئەو مادە لینجەی كە لە گەڵای ڕووەكی ئالۆڤێرادا هەیە یارمەتی كەمكردنەوەی ئازار دەدات، وەكو چارەسەرێكی سروشتی سوودی لێ وەردەگیردرێ.

پێنجەم: ماست، بەهۆی بوونی ترشی فیلۆس لە پێكهاتەی ماست،یارمەتی زوو چاك بوونەوەی برینی خۆرە دەدەن.

سەرچاوە/getholistichealth



وشە - ئاوات ئازاد