دوو په‌رله‌مانتاری گۆڕان روو له به‌رپرسانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌كه‌ن و داوای ئاشكراكردنی بكوژانی كاوه گه‌رمیانی ده‌كه‌ن و پێیان ده‌ڵێن" ئێوه باسی كام ئازادی ده‌كه‌ن؟!".
له وتارێكی هاوبه‌شدا به ناونیشانی بۆ به‌رپرسانی "یه‌كێتی كام ئازادی" هه‌ریه‌كه له عه‌لی حه‌مه‌ساڵح و شیرین ئه‌مین په‌رله‌مانتاری گۆڕان نووسیویانه، " پێویسته بكوژی ڕاسته‌قینه‌ی كاوه گه‌رمیانی ئاشكرا بكرێت و دادگایی بكرێت، ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن بكوژی كاوه گه‌رمیانی ئێسته له زیندانه، نه‌خێر .؟ ئه‌وه تاوانباره ته‌نیا به‌كرێگیراوی ده‌سه‌ڵاتدارانه، نه‌ك بكه‌ری شه‌هید كردنه‌كه".
ئازادیخوازی ته‌نیا ئه‌وه نییه باسی پارتی بكه‌ی
هه‌روه‌ها ده‌ڵێن، هه‌موان ده‌زانن كاوه گه‌رمیانی ئه‌له‌نجامی ئاشكراكردنی دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌رپرسه باڵاكانی یه‌كێتی تیرۆر كرا، بۆیه بكوژی راسته‌قینه و ئه‌وه‌ی له پشتیه‌تی ئاشكرای بكه‌ن و بدرێته دادگا، ده‌نا ته‌نیا به ده‌ربڕینی پشتیوانی بۆ گیراوانی بادینان، ناتوانن په‌ڵه‌ی خوێنی شه‌ھیدانی 17ی شوبات و شه‌ھیدانی نان و ئازادی و كاوه گه‌رمیانی له‌سه‌رڕوخساری خۆتان بكه‌نه‌وه.
هه‌وره‌ها ده‌ڵێن، زۆر تێنه‌په‌ڕیوه به‌سه‌ر شه‌ھیدكردنی 10 گه‌نج كه له‌سه‌ر نان و ئازادی هاتنه شه‌قام و له سنووری ده‌سه‌ڵاتداری ئێوه شه‌هیدا كران و ئازادیخوازی ته‌نیا ئه‌وه نییه باسی پارتی بكه‌ی.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند كه‌سێك به‌تۆمه‌تی سیخوڕی له هه‌ولێر گیران، به‌شێك له به‌رپرسانی یه‌كێتی كه‌وتوونه‌ته قسه گوتن به دادگا و ده‌یانه‌وێ هانی خه‌ڵكی كوردستان دژی سه‌روه‌ری یاسا بده‌ن.