بۆنیی كریستیان توێژه‌ر و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس كه له دامه‌زراوه‌كانی سی ئێن ئێن و ئێن بی سی و ی‌و ئێس ئه‌ی توده‌ی و لۆس ئه‌نجلس تایمز كاری كردووه، له‌میانه‌ی بابه‌تێك كه له ماڵپه‌ڕی "
Defense One" بڵاوی كردووه‌ته‌وه، باس له‌وه ده‌كات، كه حكوومه‌تی بایدن به وردی و نهێنی و دوور له ئاڵۆزی دروستكردن، پلان داده‌ڕێژێ تا به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وام له عێراق بمێنێته‌وه.
ئاماژه‌ی داوه، كه ئامانجه نائاشكراكانی حكوومه‌تی نوێی ئه‌مه‌ریكا بریتییه له مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی له عێراق، بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه‌یش بێ ئه‌وه‌ی زۆر قسه بكرێ له میدیاكان به وردی و نهێنی كار ده‌كه‌ن.
هه‌فته‌ی ڕابردوو ریچارد مایلز جێگری پێشووی باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕای گه‌یاند، كه یه‌كێك له كاره سه‌ره‌كی و له پێشینه‌كانی حكوومه‌تی بایدن بریتییه له یارمه‌تیدانی عێراق بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری خۆی و ڕووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی دوژمنه‌كانی، هه‌م له ناوخۆ و له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه، له ناوخۆ مه‌به‌ستی واشنتن بریتییه له ڕیشه‌كێشكردنی تیرۆر و ڕێگه‌نه‌دان به دووباره سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یان، هاوكات ئامانجه‌كانی تری واشنتن بریتییه له پشتیوانیكردن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئازاد و بێگه‌رد، ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی میلیشیاكانی سه‌ر به كۆماری ئیسلامی ئێران، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق گۆڕانكاری ڕیشه‌ییان تێدا ده‌كرێ، له شوێنی یارمه‌تیدان و گه‌یاندنی پاره و ڕاده‌ستكردنی به حكوومه‌ت، ئه‌مه‌ریكا ده‌ست به پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان و به‌هێزكردنی توانای سه‌رمایه‌ی مرۆیی له عێراق و ڕیشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵی ده‌كات، ئه‌مانه‌یش پلانی ماوه درێژیان بۆ داڕێژراوه و سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن كه واشنتن ده‌یه‌وێ وه‌ك هاوبه‌شێكی جێگیر و نه‌گۆڕ له عێراق له ئێسته تا داهاتوویه‌كی زۆر دوور له وڵاته‌كه بمێنێته‌وه.
ئامانجه‌كان فره‌وانن و به نه‌رمی هه‌وڵی جێبه‌جێكردنیان ده‌درێ، بوونی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا مه‌رج نییه ته‌نیا هۆ و سه‌لمێنه‌ری مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بێ له عێراق، به‌ڵكو بایدن ده‌یه‌وێ گۆڕانكاری له پێوه‌ره‌كانی مانه‌وه و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ عێراق بكات.
هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی له عێراق جێگیر ده‌كرێن
نووسه‌ر ئاماژه‌ی داوه، كه بایدن زۆرترین هه‌وڵ ده‌خاته گه‌ڕ، تا سه‌ره‌تا ناكۆكییه‌كانی ناوخۆی عێراق نه‌هێڵێت، دیموكراسی و فره‌یی و فیدراڵی له عێراق قووڵ بكاته‌وه، تا به ته‌واوی ئاماده بێ بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی نه‌یاره‌كانی له ده‌ره‌وه‌ی سنووری عێراق.
مایلز دووپاتی له‌وه‌یش كردووه‌ته‌وه، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مانگێكه بایدن ده‌سه‌ڵاتی گرتووه‌ته ده‌ست، به‌ڵام ناكرێ به هیچ شێوه‌یه‌ك چاوه‌ڕوانی گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بكه‌ین، به پێچه‌وانه‌وه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌ر له عێراق ده‌مێننه‌وه و شتێك بوونی نییه و نابێ به ناوی كشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی و یه‌كجاره‌كی و نه‌هێشتنی هیچ سه‌ربازێك له عێراق ناكشێته‌وه.
له بابه‌ته‌كه هاتووه كه پلانی بایدن ئه‌وه‌یه له چوار ساڵی داهاتوو به بڕی ملیاران دۆلار له بواری ده‌سته‌به‌ری و دڵنیایی ته‌ندروستی و په‌ره‌پێدانی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان و ئاسایشی خۆراك و ئاو خه‌رج ده‌كات، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی زۆرترین سێرهیش ده‌خاته سه‌ر جێگیركردنی ئارامی و ئاسایش له عێراق و ڕێگریكردن له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر و نه‌هێشتنی میلیشیاكانی ئێران كه هاوشێوه‌ی داعش بوونه‌ته هۆی تێكدانی ئاسایشی عێراق.
بایدن و ئیداره‌كه‌ی به وردی له‌وه گه‌یشتوون، كه شه‌ڕی تیرۆر و توندڕۆكان ته‌نیا به دیوه سه‌ربازی و جه‌نگییه‌كه‌ی ته‌واو نابێت، به‌ڵكو بێ ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاری و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار، به‌رده‌وام كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق ده‌بێت به ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی گه‌نجان له‌لایه‌ن گرووپه تیرۆریست و میلیشیاكانه‌وه، بۆیه به‌م هه‌نگاوانه ده‌یه‌وێ ڕیشه‌ی تیرۆر و توندڕۆیی و ده‌ستوه‌رانی ئێران له كاروباری عێراق بكات.
له‌به‌ر ئه‌وه ئامانجی سه‌ره‌كی بریتی نابێ له مانه‌وه و ناردنی زۆرترین سه‌رباز بۆ عێراق، به‌ڵكو هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا له چوارچێوه‌ی پاسه‌وانیكردنی ئه‌مه‌ریكییه‌كان و به‌رپرسانی وڵاته‌كه و مه‌شق و ڕاهێنان و پاراستنی ئاسمانی عێراق و بۆردمانی جه‌نگی بۆ سه‌ر پاشماوه‌كانی داعش بوونیان ده‌مێنێت، به پێچه‌وانه‌وه زۆرترین هه‌وڵ و كۆششی واشنتن ده‌خرێته سه‌ر بواره ژیارییه‌كان له عێراق، تا دڵی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق به‌ده‌ست بهێنێته‌وه و گورزێكی گه‌وره‌یش له كۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌ژموونه‌كه‌ی بوه‌شێنێت، كه له دوای 2011 به گشتی و پاش هاتنی داعش بۆ عێراق هه‌ژموونی ئه‌و وڵاته زۆر فره‌وان و قووڵبووه‌ته‌وه له عێراق.
ستراتیجی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ عێراق ده‌گۆڕێ و ملیاران دۆلار بۆ په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئابووری ناوچه‌كانی عێراق خه‌رج ده‌كات
ئه‌م ستراتیجه ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه كه بایدن ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی و ململانێی سیاسی و سه‌ربازی چیتر ناوێ و به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌ڵك و پێشكه‌شكردنی كۆمه‌ك و هاوكاری بۆ هه‌ژار و لێقه‌وماوان، چونكه هه‌ر كات دڵی كۆمه‌ڵگه‌كه به‌ده‌ست بهێنێته‌وه، توێژی سیاسی و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له به‌رانبه‌ر گه‌ل و كۆمه‌ڵگه هیچ نین و ده‌توانرێ وه‌لا بنرێن و كۆتاییان پێ بهێنرێت، له ڕێی سندووقی هه‌ڵبژاردنه‌وه.