چامپیۆنزلیگ.. چێڵسی برینه‌كانی ئاتلێتیكۆی قووڵتر كرد

ئۆلیڤێ جیرۆ به‌ ده‌بڵ كیك گۆڵی تۆمار كرد
:: AM:01:22:24/02/2021 ‌
یانه‌ی چێڵسیی ئینگلیزی له‌ یاریی چوونی قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگدا، بردنه‌وه‌یه‌كی به‌نرخی تۆمار كرد و له‌ یانه‌ی ئاتلێتیكۆ مه‌دریدی ئیسپانی برده‌وه‌
.
یارییه‌كه‌ ئه‌مشه‌و له‌ بوخارستی پایته‌ختی رۆمانیا كرا، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئیسپانیا وه‌ك زۆربه‌ی وڵاتانی تری ئه‌وروپا، به‌هۆی رێنوێنییه‌كانی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا، رێگه‌ نادات هیچ كه‌س و شاندێك له‌ به‌ریتانیاوه‌ روو له‌ وڵاته‌كه‌ی بكات، بۆیه‌ یارییه‌ بۆ رۆمانیا گواسترایه‌وه‌، كه‌ به‌ یاریگه‌ی ئاتلێتی هه‌ژمار كراوه‌.

یارییه‌كه‌ به‌هێز بوو، به‌ڵام گێمی یه‌كه‌می به‌بێ گۆڵ بوو، له‌ گێمی دووه‌مدا و له‌ خوله‌كی 71، ئۆلیڤێ جیرۆی فڕه‌نسی، به‌ لێدانێكی هونه‌ریی "ده‌بڵ كیك"، توانی گۆڵێك بۆ یانه‌ی چێڵسیی تۆمار بكات، كه‌ ناوبژیوان به‌ پشتبه‌ستن به‌ سیستمی ڤار، گۆڵه‌كه‌ی هه‌ژمار كرد.
ئاتلێتیكۆ هه‌رچه‌نده‌ هێرشی زۆری برده‌ سه‌ر گۆڵی چێڵسی، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ هه‌ر به‌و گۆڵه‌ له‌ سوودی تیپه‌ له‌نده‌نییه‌كه‌ كۆتایی هات.

ئاتلێتیكۆ مه‌درید، كه‌ له‌ لالیگای ئیسپانیاش ئه‌نجامه‌كانی به‌ره‌و خراپییه‌، به‌م دۆڕانه‌ ئه‌ركی زۆر قورستر و برینه‌كانیشی قووڵتر ده‌بن، یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ش له‌ یاریگه‌ی چێڵسیدا پێویستی به‌ بردنه‌وه‌ به‌ دوو گۆڵ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت بگاته‌ قۆناغی هه‌شت.





وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا