ئه‌مڕۆ یانه‌ی ریال مه‌درید به ئه‌ركێكی قورس له ئیتالیایه و هه‌مووان چاویان له‌سه‌ر زیدانه، بۆ ئه‌وه‌ی تیپه‌كه له بێ ده‌ستكه‌وتیی ئه‌م وه‌رزه رزگار بكات.
ئه‌مشه‌و سه‌عات 23:00 له یاریی چوونی قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگی ئه‌وروپا، یانه‌ی ریال مه‌درید له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا به‌رامبه‌ر یانه‌ی ئاتالانتای ئیتالی یاریی ده‌كات.
ریال مه‌درید بارودۆخی خراپه
تیپه‌كه‌ی زیدان كاتێك ئه‌مڕۆ یاریی ده‌كات، له كۆمه‌ڵێك یاریزانی سه‌ره‌كی و گرنگی بێ به‌شه، كه به هۆی پێكان و هۆكاری تره‌وه یاریی ناكه‌ن، له‌وانه "كه‌ریم بنزێما، رامۆس، هازارد، رۆدریگۆ، ڤالڤێردی، مارسێلۆ، میلیتاو، ئۆدریۆزۆلا، كارڤاخال".
بۆیه تیپه‌كه ئه‌ركی قورسه و به‌رامبه‌ر تیپێك یاریی ده‌كات، كه ئاستێكی به‌رز و یاریزانی به‌هێزیان هه‌یه.
ریال هه‌رچه‌نده چوار یارییه له‌سه‌ریه‌ك له لالیگا بردنه‌وه تۆمار ده‌كات و گه‌ڕاوه‌ته‌وه ركابه‌ری بۆ پله‌ی یه‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ململانێیه‌كه قورسه و ئاتالانتا بێرگامۆ تیپێكی تۆكمه‌یه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاودێران هه‌میشه باس له‌وه ده‌كه‌ن، ریال مه‌درید له چامپیۆنزلیگ تیپێكی جیاوازه و چه‌ند جارێكیش تیپه‌كه له چامپیۆنزلیگه‌وه هه‌ڵساوه‌ته‌وه و هێزی بۆ لالیگاش گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی كه گرنگترینه بۆ ریال مه‌درید، درێژه‌دانه به ركابه‌ری له چامپیۆنزلیگدا، چونكه ئه‌م وه‌رزه له دوو نازناو دوورخراوه‌ته‌وه، جامی سوپه‌ری ئیسپانیای دۆڕاند و له جامی شای ئیسپانیاش كرایه‌ده‌ره‌وه، هه‌روه‌ها ململانێی لالیگاش زۆر ئاڵۆز و به‌هێزه.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ریال مه‌درید سه‌ره‌ڕای دابڕانی چه‌ند یاریزانێكی گرنگی، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به شێوه‌یه‌كی به‌هێز یاریی بكات، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی میدیای مه‌دریدی دوێنێ بڵاویان كرده‌وه، كارگێڕیی مه‌درید پاڵپشتیی زیدانیان كردووه و گه‌ره‌نتییان پێ داوه، كه تا كۆتایی وه‌رز له پۆسته‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌نجامه‌كانی تیپه‌كه‌ی هه‌ر چۆنیك بێت.
زیدان: ئه‌مڕۆ یاریی كۆتاییه
زه‌ینه‌دین زیدان راهێنه‌ری ریال مه‌درید پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ رای گه‌یاند "یاریی ئه‌مڕۆ زۆر گرنگه و وه‌ك یاریی كۆتایی وایه".
گوتیشی: "ئاتالانتا تیپێكی به‌هێزه و به تایبه‌تی له یاریگه‌ی خۆیدا، بۆیه ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین ئاستێكی باش پێشكه‌ش بكه‌ین، یارییه‌كه ده‌رفه‌تیشه بۆ یاریزانه لاوه‌كان خۆیان پێشان بده‌ن و شوێنی خۆیان بكه‌نه‌وه".
ئالانتا ئاماده‌یه
یانه‌ی ئاتالانتا به شێوه‌یه‌كی زۆر باش خۆی بۆ یاریی ئه‌مڕۆ ئاماده كردووه، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه له خولی ئیتالیا بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر ناپۆلییدا تۆمار كرد به ئه‌نجامی 4-2 گۆڵ.
تیپه‌كه‌ی گاسپرینی وه‌رزی رابردووش له چامپیۆنزلیگ ركابه‌رییه‌كی به‌هێزی كرد و بۆ یه‌كه‌مجار توانی بگاته قۆناغی هه‌شت، له‌وێدا به زه‌حمه‌ت به سانجێرمان دۆڕا.
گاسپرینیی رێزی ریال مه‌درید ده‌گرێت
راهێنه‌ری یانه‌ی ئاتالانتا گاسپریی، پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ گوتی: پێویست ناكات سه‌یری یاریزانه پێكراوه‌كانی ریال مه‌درید بكه‌ین، چونكه ئه‌وان یه‌كێك له باشترین یانه‌كانی جیهانن، هه‌روه‌ها ریال مه‌درید له چامپیۆنزلیگ تیپێكی جیاوازه.
بۆیه ئه‌مڕۆ راهێنه‌ره سه‌رسپییه‌كه‌ی ئاتالانتا، به هۆشداری و ئاگاییه‌وه به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید پلان داده‌نێت و وردبین ده‌بێت.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجیشه، یه‌كه‌م جاره هه‌ردوو یانه رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه و هیچ ئه‌زموونێكی پێشوویان له یارییه فه‌رمییه‌كاندا به‌یه‌كه‌وه نییه.