ئه‌مشه‌و له دوایاریی گه‌ڕی چوونی قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگی ئه‌وروپا، یانه‌ی بۆروسیا مۆنشنگلادباخی ئه‌ڵمانی، رووبه‌ڕووی یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتیی ده‌بێته‌وه.
یارییه‌كه ئه‌مشه‌و سه‌عات 23:00 به كاتی هه‌ولێر، له یاریگه‌ی پوشكاش له پۆدابێستی پایته‌ختی هه‌نگاریا ده‌كرێت.
حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا به‌هۆی رێنوێنی و پرۆتۆكۆڵی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا، رێگه نادات هیچ كه‌س و تیمێك له به‌ریتانیاوه روو بكاته ئه‌ڵمانیا، بۆیه یارییه به بڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا، بۆ هه‌نگاریا گواستراوه‌ته‌وه.
رۆز چی ده‌ڵێت؟
مۆنشنلاگلادباخ بارودۆخی زۆر باش نییه و له بۆندسلیگای ئه‌ڵمانیا له پله‌ی هه‌شته‌مه به 33 خاڵ، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆیدا به 1-2 گۆڵ له یاریگه‌ی خۆیدا به ماینز دۆڕا.
ماركۆ رۆز راهێنه‌ری تیپه ئه‌ڵمانییه‌كه، پێی وایه مانچێسته‌ر سیتی باشترین یانه‌ی جیهانه، بۆیه ئه‌مه وه‌ك هۆشدارییه بۆ تیپه‌كه‌ی، كه ئه‌ركێكی قورسی هه‌یه.
رۆز پێی وایه گه‌یشتنی تیپه‌كه‌ی به قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ، بۆ خۆی ده‌ستكه‌وته و هانی یاریزانه‌كانی ده‌دات باشتر یاریی بكه‌ن.
رۆز كه وه‌رزی داهاتوو ده‌بێته راهێنه‌ری دۆرتموند، گوتی: "ده‌مانه‌وێت ئاستبه‌رزیی خۆمان بسه‌لمێنین، مان سیتی یاریزانی ئاستبه‌رزی زۆری هه‌یه، بۆیه ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت ئاستی خۆمان بزانین،
پلانی گواردیۆلا چییه؟
یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتیی ئینگلیزی، ئه‌مڕۆ له باشترین بارودۆخدا یارییه‌كه ئه‌نجام ده‌دات و ته‌واوی تیپه‌كه‌ی ئاماده‌یه، ته‌نیا ناتان ئاكیی به‌رگریكار نه‌بێت.
سیتی سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه له نێو له‌نده‌ن به گۆڵێك له ئارسیناڵی برده‌وه و شوێنی خۆی له پێشه‌نگی پرێمه‌رلیگ بۆ خۆی قایمتر كرد.
پێپ گواردیۆلای راهێنه‌ری مان سیتی رای گه‌یاند، هیچ گۆڕانكارییه‌ك له شێوازی یارییكردنی تیپه‌كه‌ی ناكات و به هه‌مان ستایلی خۆیان یاریی ده‌كه‌ن.
مان سیتی ئێسته پێشه‌نگی خولی ئینگلیزییه و 18 یاریی لهسهریهكیشه له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌كاندا نه‌دۆڕاوه.
مانچێسته‌ر سیتی و گلادباخ پێشتر له چوار یارییدا به‌یه‌ك گه‌یشتوون، هه‌ر چوار یاریی له ساڵانی 2015 و 2016 بووه له چامپیۆنزلیگ، تێیدا سێ بردنه‌وه بۆ مان سیتی بووه و یارییه‌كیش به یه‌كسانبوون كۆتایی هاتووه.
مان سیتی هه‌موو ئامانجی بردنه‌وه‌ی نازناوی چامپیۆنزلیگه و چه‌ند ساڵێكه كار بۆ ئه‌م ده‌ستكه‌وته ده‌كات، بۆیه تیپه‌كه هه‌وڵ ده‌دات هیچ ده‌رفه‌تێك به ئه‌نجامی چاوه‌ڕواننه‌كراو نه‌دات و له ركابه‌رییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه به‌رده‌وام بێت و هه‌نگاو به هه‌نگاو له جامه‌كه نزیك ببێته‌وه.