وادەی كۆتاهاتنی كۆرۆنا دیاری كرا

:: PM:07:17:24/02/2021 ‌

لەوناو هەڵكشان و داكشانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و هێرشەكانی لێرە و لەوێدا، خەڵك چاویان لە ئاساییبوونەوەی ژیانە و دەپرسن مرۆڤایەتی كەی بەسەر ڤایرۆسەكەدا زاڵ دەبێت؟، بەرپرسێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی وەڵامی پرسیارەكە دەداتەوە.
ئێستە زیاتر لەبارەی ڤایرۆسەكە دەزانین
هانز كلوج، بەرپرسی نووسینگەی ئەوروپای رێكخراوی تەندروستی جیهانی دووپاتی كردەوە كە خراپترین سیناریۆی پەتاكەمان تێپەڕاندووە، ئێستە زانیاری زیاترمان لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە بە بەراورد بە 2020، بۆیە پێشبینی دەكرێت پەتاكە لە سەرەتای 2022 كۆتایی بێت.  

وەك كەناڵی تەلەڤزیۆنی "دی ئار"ی دانیماركی بڵاوی كردەوە ئەو بەرپرسەی رێكخراوە جیهانییەكە زیاتر گوتی، خراپترین سیناریۆ وا لە دوامانەوەیە و ئێستە زیاتر لەبارەی ڤایرۆسەكە دەزانین بە بەراورد بە 2020، ئەوكاتەی ڤایرۆسەكە دەستی بە بڵاوبوونەوە كرد.

ئاماژەی كرد، ڤایرۆسەكە بەوشێوەیە لەناو خەڵك دەمێنێتەوە و دۆخەكە پێویست بە كۆتی تر ناكات، ئەوەیش تەنیا پێشبینییە، چونكە كەس ناتوانێت بەوردی پێشبینی پەرەسەندنی دۆخەكە بكات.

لای خۆیەوە دەزگای دەرمان و خۆراكی ئەمەریكی دووپاتی كردەوە كە وەرگرتنی ژەمێكی ڤاكسینی "جۆسۆن ئاند جۆنسۆن"، دژ بە كۆرۆنا كاریگەری هەیە، لەوكاتەی كۆمپانیای سانۆفی فڕەنسایی رای گەیاند یارمەتی كۆمپانیای جۆنسۆن دەدات بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكەی لە فڕەنسا.

ئەوەیش دوای ئەوەی كۆمپانیاكە داوای مۆڵەتی بەكارهێنانی بۆ حاڵەتی فریاگوزاری پێشكەیش رێكخراوی تەندروستی جیهانی كرد و دەزگای خۆراك و دەرمانی ئەمەریكیش ڤاكسینەكە هەڵدەسەنگێنێت، كۆمپانیاكە دەڵێت، بەكارهێنانی ڤاكسینەكەمان ئاسانترە، چونكە لە یەك ژەم پێكهاتووە، بەوشێوەیە دەبێتە سێیەم ڤاكسینی مۆڵەت پێدراو لە ئەمەریكا لەدوای فایزەر و مۆدێرنا.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل