زیانەكانی زۆرخواردنی فستق

:: PM:08:33:24/02/2021 ‌

فستق یەكێكە لە چەرەزاتە چێژبەخشەكان كە رەنگە لە بۆنە و گەشتەكاندا بۆ میوان و ئازیزانت دایبنێیت، جیا لەوە سوودی خۆی هەیە، لەوانە بۆ دابەزاندنی كێش و تەندروستی دڵ و ریخۆڵەكان، بەڵام وەك هەر خواردنێكی تر زۆرخواردنی كاریگەریی نەرێنی هەیە، وەك ماڵپەڕی "بۆڵد سكای"، باسی كردووە، لەوانە:
تووشی قۆلۆن و بەرزی پەستانی خوێن و بەردی گورچیلەت دەكات
یەكەم/ كێش زیاد دەكات، چێژی خۆشە و خواردنی ئاسانە و بە مادەی خۆراكی جیاواز دەوڵەمەندە و كالۆری زۆری تیادایە، بۆیە خەڵك زۆری لێ دەخۆن، بەوەیش كێشی لەشیان زیاد دەبێت.

دووەم/ ریشاڵی زیاد لەپێویست، بوونی ریشاڵ لە فستقدا بۆ جووڵەی ریخۆڵە باشە، بەڵام زۆرخواردنی ریشاڵ زۆرباش نییە و دەبێتە هۆی ورووژانی قۆلۆنی دەمارگیری و گرژیی ریخۆڵەكان و خراپیی مژینی خۆراكی هەرسكراو.

سێیەم/ پەتای سالمۆنێلا، ئەگەری هەیە فستق بەكتریای سالمۆنێلای تیادابێت، كە بەهۆی لاوازیی سیستمی بەرگریان، كاریگەریی بەهێزی لەسەر بەتەمەنداچووان و منداڵی شیرەخۆرە هەیە، بۆیە تووشبوون بەو بەكتریایە دەبێتە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و سكچوون و كێشەی تری كۆئەندامی هەرس.  

چوارەم/ مادەی ئەكریلامید، سووركردنی فستق دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەگەری دروستبوونی بەكتریای سالمۆنێلا، هاوكات دەبێتە هۆی دەركەوتنی مادەی ئەكریلامید، كە دەبێتە هۆی زیادبوونی گەشەی خانە شێرپەنجەییەكان لە لەشدا. 

پێنجەم/ بەرزكردنەوەی پەستانی خوێن، فستقی سووركراوە، واتە بوونی رێژەیەكی زۆری خوێ یان سۆدیۆم، هۆكارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن، جیا لە بەرزكردنی پەستانی خوێن.

شەشەم/ بەردی گورچیلە، زۆرخواردنی فستق دەبێتە هۆی تێكدانی هاوسەنگیی مادەی پۆتاسیۆم لە لەشدا، بەهۆی ئەو خوێی ئەكسالات و ترشی میسیۆنینەی لە فستقدا هەیە، دەبێتە هۆی دروستبوونی خوێی كالیسیۆم، كە پێكهاتەیەكی سەرەكیی بەردی گورچیلەیە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل