له یارییه‌كی دواخراوی خولی ئیسپانیا، یانه‌ی بارسێلۆنا له یانه‌ی ئێلچیی برده‌وه، لیۆ مێسییش ئه‌ستێره‌ی یارییه‌كه بوو.
بارسێلۆنا له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆیدا یارییه‌كی باشی كرد و به ئه‌نجامی 3-0 گۆڵ یارییه‌كه‌ی له ئێلچیی برده‌وه.
یارییه‌كه دواخراوی گه‌ڕی یه‌كه‌می خوله‌كه بوو، ئه‌مشه‌و ئه‌نجام درا و گۆڵه‌كانی بارسێلۆنا لیۆ مێسی 2 گۆڵ و خۆردی ئالبا له خوله‌كه‌كانی 48، 69 و 73 تۆماریان كرد.
بارسێلۆنا به‌م بردنه‌وه‌یه ژماره‌ی خاڵه‌كانی گه‌یانده 50 خاڵ و گه‌ڕایه‌وه پله‌ی سێیه‌م.
یارییه‌كی تایبه‌ت بۆ مێسی
یارییه‌كه بۆ مێسی تایبه‌ت بوو، كه ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كرد و به‌و دوو گۆڵه‌ی تۆماری كرد، هاته پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی گۆڵكارانی لالیگا به 18 گۆڵ.
هه‌روه‌ها به گوێره‌ی ئاماره‌كانی تۆڕی ئۆپتا، مێسی له ساڵی 2021دا تاكه یاریزان زۆرترین گۆڵی له كۆی پێنج خوله گه‌وره‌كه‌ی ئه‌وروپا تۆمار كردووه، كه 13 گۆڵه، له دوای ئه‌ویش لێڤاندۆڤسكیی هێرشبه‌ری بایرن میونشن دێت به 12 گۆڵ.