ڕووداوێكی سەیر لە نەخۆشخانەیەكی هەولێر ڕووی دا

:: AM:08:55:27/02/2021 ‌
نەخۆشێك دوای وەستانی چوار جار دڵی و لێدانی حەوت جار كارەبا، بەهۆش خۆی دێتەوە و بەبێ‌ هیچ گرفتێك كەسوكارەكەشی دەناسێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 27ـی شوبات، نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژهەڵاتی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، نەخۆشێك هاتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژهەڵات كە تووشی جەڵتەی دڵ هاتبوو، پاش گەیشتنی بە چەند خولەكێك لە ناكاو دڵی ڕاوەستا، هەرزوو لەگەڵ چەند پزیشكێك و چەند كارمەندێكی پزیشكی دەست كرا بە پرۆسەی بووژانەوەی دڵی پێشكەوتوو.
لەو ماوەیە چوار جار دڵی گەڕایەوە ئیشكردن
 
ڕوون كراوەتەوە، لەو ماوەیە چوار جار دڵی گەڕایەوە ئیشكردن، بەڵام دووبارە ڕادەوەستایەوە، لەو ماوەیە حەوت جار كارەبای لێ درا و چەندن دەرمانی پێویستی وەرگرت، دواجار هەناسە و دڵی گەڕایەوە و حاڵەتەكەی جێگیر بوو.

باس لەوەش كراوە، دوای ئەو هەموو ناخۆشی و بێ هێوابوونە، نەخۆشەكە توانی كەمێك بە هۆش خۆی بێتەوە و وەڵامی كوڕەكەی و خێزانەكەی دایەوە و ئەوانی ناسییەوە، ساتێكی درامایی ڕاستەقینە دروست بوو كە هەرگیز بە وشە وەسف ناكرێ.

ئەوەیش باس كراوە، نەخۆشەكە بۆ سەنتەری دڵ گوازرایەوە و یەكێك لە دەمارەكانی چەپی دڵی گیرابوو، دوای كردنەوەی دۆخی تەندروستی باش بووە.



وشە - رامیار جەواد