ئیتڵاعات کچە چالاکێکی رۆژهەڵاتی گرت

:: PM:05:07:26/02/2017 ‌

دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەمی هەفتەی رابردوو هەواڵی دیارنەمانی فەرزانە جەلالی، چالاكی مەدەنی رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاو بوویەوە، ئەمڕۆ لە گرتوخانەی ئیتڵاعاتی كرماشانەوە پێوەندی بە خێزانەكەیەوە كردوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 26ی شوبات/فێبرایەر ئاژانسی هەواڵی BBC فارسی ئاشكرای كردوە، فەرزانە جەلالی، چالاكوانی مەدەنی رۆژهەڵكاتی كوردستان لە رۆژی پێنجشەم 23ی شوباتەوە لەلایەن هێزە تەناهییەكانی كۆماری ئیسلامییەوە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆستەی كرماشان گیراوە.

زیاتر روون كراوەتەوە، دوای سێ ڕۆژ لە دیارنەمانی بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم لە گرتوخانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامییەوە بە تەلەفۆن پێوەندی بە ماڵەوە كردوە و ئاگاداری كردون كە لەلایەن ئیتڵاعاتەوە گیراوە.

سەرچاوەیەك لە ماڵباتی ئەو خانمە چالاكەی رۆژهەڵاتەوە بە BBC راگەیاندوە، دوای گیرانی فەرزانە هێزە تەناهییەكان چوونەتە ماڵەوەیان و دەستیان بەسەر كۆمپیوتەر و سەرجەم كەلوپەلەكانیدا گرتووە و تا ئێستە دیار نییە كە بە چ بیانوویەك لەلایەن ئیتڵاعاتی كرماشانەوە گیراوە.

فەرزانە جەلالی ساڵی 2010 لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە خوێندن بێبەش كراوە و سەرباری ئەوەی پلەی شەشەمی لە بەشی كارناسی باڵا لەسەر ئاستی ئێران بەدەست هێناوە، بەڵام رێگەی پێ نەدراوە لە زانكۆ درێژە بە خوێندن بدات.

سەرچاوە/BBC




وشە - هیدایه‌ت جان