600 شۆفێری مەرزی باشماخ لە سلێمانی گرد بوونەوە

:: AM:10:09:28/02/2021 ‌
ژمارەیەكی زۆری لە شوفێران لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی گرد بوونەوە و داوایان كرد، بەپێی یاسا كاری مەرزی باشماخ ڕێكبخەن و چیتر رێ‌ بەهەموو شوفێرێك نەدرێت كار لەو مەرزە بكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 28ـی شوبات، ژمارەیەكی زۆر لە شوفێران كە پێكهاتبوون لە 600 شوفێر، لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی گرد بوونەوە و داوای ڕێكاری یاسایی كاری مەرزەكانیان كرد بە تایبەت لە مەرزی باشماخ.

ئەو شوفێرانە ڕایان گەیاند، ئێمە ساڵانە باج دەدەین بە بڕی 500 هەزار دینار، كەچی لەلایەن چەند كەسانێكەوە ڕێ‌ بە كەسانی تر دەدرێت كار لەو مەرزانە بكەن، ڕۆژانە ئەگەر گلەییمان هەبێت سەعاتێك بە یاسایی كارەكان لە مەرزی باشماخ دەكرێت، دواتر كارەكان بەشێوەی نایاسایی دەكرێت.

باسیان لەوەش كرد، پارێزگاری سلێمانی و بەرپرسانی مەرزەكە و بەرپرسانی پۆلیس واژوویان كردووە لەسەر ئەو گرێبەستەی هەمانە، كەچی رێ‌ بە شوفێران دەدرێت بەشێوەی نایاسایی ئەو كارانە بكەن.

ڕوونیان كرەوە، كەس كار بە یاسا ناكات و نووسراوی فەرمی هەیە كە نابێت شوفێری نایاسایی كار لەو مەرزە بكات، كەچی كەسانێك پشتگیرییان دەكەن و بە نایاسایی كار دەكەن.



وشە - رامیار جەواد