فه‌رمانده‌یه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئاشكرای كرد، كه داعش سوودی له بۆشایی ته‌ناهی نێوان هێزه‌كانی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی وه‌رگرتووه و خۆی ڕێكخستووه‌ته‌وه له ناوچه جیا جیاكان، به‌رپرسێكی حزیش باس له‌وه ده‌كات، كه بۆشایی ته‌ناهی بووه‌ته ده‌رفه‌ت بۆ تیرۆریستان تا خۆیان ڕێك بخه‌نه‌وه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه له ماوه‌ی ڕابردوو سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش به‌رده‌وام هۆشداریان له خۆڕێكخستنه‌وه و زۆربوونه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه داوه.
عه‌مید جمور ڕۆسته‌م، جێگری لیوای سێی پیاده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ته‌واوی ئه‌و هێرشانه‌ی كه له ماوه‌ی ڕابردوو له ناوچه كوردستانییه‌كان كراونه‌ته سه‌ر هێزه‌كانی عێراق و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، به‌هۆی بۆشایی ته‌ناهی و كه‌لێنی نێوان سوپا و میلیشیاكان بووه.
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی پێشمه‌رگه كه هێزه‌كه‌ی له سنووری كوڵه‌جۆ جێگیركراون باسی له‌وه‌یش كرد، كه له‌و ناوچانه‌ی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌ن، داعش توانای هیچی نییه و هیچ ده‌رفه‌تێكیشی پێ نادرێ تا خۆی ڕێك بخاته‌وه و جموجۆڵ بكات.
حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی حه‌مرینی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له خورماتوو بۆ "وشه" گوتی، له ڕووی سیاسی و ته‌ناهییه‌وه گرفت له عێراق و له ناو هێزه‌كانی عێراق هه‌یه و هه‌ماهه‌نگی ورد له نێوان سوپا و میلیشیاكان بوونی نییه، ئه‌مه‌یش زۆرترین سوودی بۆ پاشماوه‌كانی داعش هه‌بووه و به ته‌واوی كه‌ڵكیان له‌و كه‌موكوڕییانه وه‌رگرتووه.
زیاتر گوتی، له سنووری داقووق و خورماتوو كه له ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه، تیرۆریستان ته‌ڕاتێن ده‌كه‌ن و له‌و ناوچانه‌وه‌یش هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ر پێگه‌كانی سوپای عێراق، له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی سوپایش به‌هه‌مانشێوه تیرۆریستان هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر میلیشیاكان.
له ڕۆژانی ڕابردوو مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "فڕانس 24" دووپاتی كرده‌وه، كه پاشماوه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش خه‌ریكی خۆڕێكخستنه‌وه‌ن و سوودیان له بۆشایی ته‌ناهی له ناوچه‌كان وه‌رگرتووه.
پێشتر هاوپه‌یمانان و به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا باسیان له‌وه كردووه، كه تا ئێسته 10 هه‌زار چه‌كداری داعش له سووریا و عێراق بوونیان هه‌یه و مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه كۆتایی نه‌هاتووه.
گه‌رمیان/سه‌بری هۆرێنی.