دوای كوتانی 20 ملیۆن كەس لە بەریتانیا كۆرۆنا بە خێرایی رووی لە دابەزینە

:: AM:11:23:01/03/2021 ‌
بەپێی نوێترین ئاماری بەریتانیا، تا ئێستە سەرووی 20 ملیۆن كەس لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە بە پێكوتەی كۆرۆنا كوتراون و ئەمەش كاریگەری زۆر خێرای لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا هەبووە.

رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بەراورد بەهەفتەیەك پێشتر، 20% دابەزیوە و لە هەمان كاتدا رێژەی مردن بەهۆی كۆرۆناش بە رێژەی 33% دابەزیوە.

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا گوتوویەتی، حكوومەت توانیویەتی بەڵێنی خۆی لەبارەی هەڵمەتی كوتان جێبەجێ بكات، وەزیری تەندروستی بەریتانیاش هەڵمەتی كوتانی بە خێراترین هەڵمەتی كوتان لە مێژووی بەریتانیا و ئەوروپا هەژمار كردووە و گوتوویەتی، رێژەیەكی بەرچاو لە بەساڵاچووان كوتراون.

بۆ كوتانی خەڵك لە هەر دوو جۆری پێكوتەی فایزەر و ئاسترازێنكا سوود وەردەگرێت.


هەڵمەتی كوتان لە بەریتانیا لە كۆتایی ساڵی رابردوو دەستی پێ كرد، ئەو وڵاتە بۆ كوتانی خەڵك لە هەر دوو جۆری پێكوتەی فایزەر و ئاسترازێنكا سوود وەردەگرێت.

  بەگوێرەی رادیۆ فەردا، لە بەریتانیا 122 هەزار كەس بە كۆرۆنا مردوون و جۆری گۆڕاوی كۆرۆناش لە وڵاتە سەری هەڵداوە كە خێراتر لە جۆرە باوەكەی كۆرۆنا دەگوازرێتەوە.

ژمارەی دانیشتووانی بەریتانیا بەپێی ئاماری 2019، سەرووی 66 ملیۆن كەسە و بەو پێیە نزیكەی یەك لەسەر سێی دانیشتووانی كوتراون.


وشە - سلێمان تاشان