پارێزگاری هەولێر لەسەر قەدەغەی هاتوچۆ چەند زانیارییەكی ئاشكرا كرد

:: AM:11:58:01/03/2021 ‌
پارێزگاری هەولێر ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و زیادبوونی ژمارەی تووشبووان، ڕێكارەكانی خۆپارێزی و بڕیارەكان توند دەكرێنەوە تا هاووڵاتییان پارێزراو بن.

ئەمڕۆ دووشەم یەكی ئادار، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبوونەوەی لەناو چین و توێژەكان زیاد بووە، بۆیە رێكارەكان بەرەو توندی دەچن و توندتر دەكرێن.

زیاتر گوتی، ئەو دەنگۆیانەی باس لە كەرەنتین دەكرێت، بەدڵنیاییەوە وانابێت و لە چوارچێوەی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی كە پێشكەشی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنای دەكات، رێنوێنییەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

هەمیشە هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە ژیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت

باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر دوو ڕێدایە، ئەویش ژیانی هاووڵاتییان و وەستانی بەشێك لە كار و كەسابەتە، ژیانی هاووڵاتییانی بەلاوە گرنگتر بووە و هەمیشە هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە ژیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت.

ئەو گوتانەی ئومێد خۆشناو لە كاتێكدایە بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆ ببێتەوە، كۆمەڵێك بڕیار و ڕێنوێنی نوێ‌ دەربكات و بەستنی دەمامك لە شوێنە گشتییەكان بكرێتەوە ناچاری و لە قوتابخانەكانیش ڕێكارەكان توندتر بكرێن.





وشە - رامیار جەواد