خزمەتگوزاری شارەوانی لە هەولێر كرایە 24 سەعات

:: PM:02:26:01/03/2021 ‌
گوتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر ڕادەگەیەنێت، بۆ خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاووڵاتییانی هەولێر، لە كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك لەمەودوا خزمەتگوزاری 24 سەعاتە پێشكەشی هاووڵاتییانی هەولێر دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم یەكی ئادار، سیامەند كەریم گوتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند،  جگە لە كۆكردنەوەی ڕۆژانەی زبڵ و خاشاكی گەڕەك و كۆڵانەكان، سیستمێكی 24 سەعاتی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكیش لە سنووری هەر شەش شارەوانییەكەی هەولێر دەكەوێتەكار ، هاووڵاتییان دەتوانن دوای بۆنە و رێوڕەسمەكانیان پێوەندییان پێوە بكەن بۆ لابردنی زبڵ و خاشاكی ناوچەكانیان.

زیاتر گوتی، ئەو پڕۆژەیە لەڕێی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، سیستمێكی نوێ بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك دەست پێ‌ دەكات، سیستمەكە لە كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك بەدەر لە كۆكردنەوەی ڕۆژانەی زبڵ و خاشاكی گەڕەك و كۆڵانەكان لە خۆ دەگرێت، لەڕێی شەش ئۆتۆمبێلی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك لە سنووری هەر شەش شارەوانیی هەولێر دەكەوێتە كار.

باسی لەوەش كرد، ئۆتۆمبێلەكان 24 سەعات كار دەكەن بۆ كۆكردنەوەی ئەو زبڵ و خاشاكانەی كە هاووڵاتییان لەڕێی ئەنجامدانی بۆنەیەك یان هەر جۆرە كارێك كۆی دەكەنەوە، هاووڵاتییان لەڕێی ئەم ژمارانەوە لە سنووری خۆیان دەتوانن پێوەندی بكەن و بەخۆڕایی زبڵ و خاشاكەكان كۆ دەكرێنەوە.

ژمارەكانی پێوەندی بۆ هاووڵاتییان
سنووری شارەوانی یەك ( 07504545878 -07511624550) 
سنووری شارەوانی دوو (07514491482- 07511624550) 
سنووری شارەوانی سێ (07514487060-07511624550)
سنووری شارەوانی چوار (07504523979 -07511624550) 
سنووری شارەوانی پێنج (07507332575 - 07511624550) 
سنووری شارەوانی شەش(07504510710- 07511624550)



وشە - رامیار جەواد