سێ ملیار یۆرۆ بۆ یارمەتیدانی خەڵكی یەمەن كۆ دەكرێتەوە

:: PM:03:48:01/03/2021 ‌
تەنگژەی سیاسی و تەناهی یەمەن ئەو وڵاتەی تووشی دۆخێكی نالەباری كۆمەڵایەتی و كارەساتباری مرۆیی كردووە، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەر بۆ ئەو مەبەستە بە تەمایە سێ ملیار یۆرۆ كۆ بكاتەوە.

بەپێی راپۆرتەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە یەمەن تووشی بەدخۆراكی بوون، رۆژ بە رۆژ زیاد دەكات و پێشبینی دەكرێ ئەمساڵ رێژەكە 22%ی تر بەرز ببێتەوە.

ژمارەی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ كە لەو وڵاتە تووشی بەدخۆراكی بوون، دەگاتە دوو ملیۆن و 300 هەزار منداڵ و لەو ژمارەیە 400 هەزاریان لە بەردەم مەترسیی مردندان.

پزیشكێكی نەخۆشخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن گوتوویەتی، گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی بەدخۆراكی لەو وڵاتە، بۆ كشانەوەی ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەگەڕێتەوە و چیتر ناتوانن دەرمان و خۆراك بۆ منداڵەكان دابین بكەن.

وای كردووە گەیاندنی یارمەتییەكان بۆ خەڵكی یەمەن زۆر قورس ببێت


سعوودیە گەمارۆی خستووەتە سەر یەمەن و ئەمەش وای كردووە گەیاندنی یارمەتییەكان بۆ خەڵكی یەمەن زۆر قورس ببێت و ئومێد هەیە بە هاتنی جۆ بایدن دۆخی یەمەن باشتر بێت.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، یەكێك لە بڕیارەكانی بایدن ئەوەبوو حووسییەكان لە لیستی تیرۆر بهێنێتە دەرەوە، تا رێكخراوە مرۆییەكان زیاتر بتوانن پێوەندی بە حووسییەكانەوە بكەن و یارمەتییەكانیان پێشكەشی خەڵكی یەمەن بكەن.

حووسییەكان لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و بە چەك و مووشەكی ئێرانی رووبەڕووی حكوومەتی یەمەن و سعوودیە دەبنەوە.

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە كۆكردنەوەی یارمەتییەكانی، دەیەوێ رێگری لە روودانی كارەساتی گەورەی مرۆیی بكات.



وشە - سلێمان تاشان