عیرفان كه‌ركووكی سكرتێری گشتیی پارتیی گه‌لی توركمانی و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ "وشه" ده‌ڵێ، كه‌ركووك پێویستی به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه و شه‌رعییه‌ته، له ڕۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه متمانه و شه‌رعییه‌ت له ئیداره‌ی كه‌ركووك نه‌ماوه، ده‌بێت شه‌رعییه‌ت بۆ كه‌ركووكییه‌كان بگه‌ڕێته‌وه، تا پارتیش نه‌گه‌ڕێته‌وه شه‌رعییه‌ت نییه.
ئاستی گه‌نده‌ڵی و خزمه‌تگوزارییه‌كان له كه‌ركووك له چ ئاستێكدایه؟
ئه‌وه‌ی ئێسته له كه‌ركووك هه‌یه له دوای 16ـی ئۆكتۆبه‌ری2017، گه‌نده‌ڵی سنووری تێپه‌ڕاندووه، ڕاكان جبووری پارێزگاری سه‌پێنراوی سه‌ر خه‌ڵكی كه‌ركووك به ئاره‌زووی خۆی كار ده‌كات، له‌سه‌ر داوا و پێشنیاری خه‌ڵكی كه‌ركووك كار ناكات، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین خه‌ڵك هه‌موو ناڕازییه له‌و دۆخه، كاره‌با نییه، نه‌وت به دادپه‌روه‌ری دابه‌ش ناكرێت به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا، نرخی پاره‌ی كاره‌بای موه‌لیده زۆره.
•باس له‌وه ده‌كرێت ڕۆتین و وه‌رگرتنی به‌رتیل له دامه‌زراوه‌كان زۆر به‌رز بووه‌ته‌وه؟
گه‌نده‌ڵی ئیداری زۆر به‌رز بووه‌ته‌وه له داوده‌زگاكانی حكوومه‌ت، چه‌ندان نووسراو دراون به دادگای تایبه‌تمه‌ند و گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر ئاشكرا بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یبینین به ده‌سته‌به‌ری ئازاد كراون.
•بۆ دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت كاری خۆیان ناكه‌ن و شار بووه‌ته زبڵخانه؟
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای داوده‌زگاكانی حكوومه‌ت بكه‌ین له كه‌ركووك، هیچ دادپه‌روه‌رییه‌ك بوونی نییه، خۆڵ و خاشاكێكی زۆر له كه‌ركووك كه‌ڵه‌كه بووه له شه‌قام و گه‌ڕه‌كه‌كان و به‌ناوی زیاده‌ڕۆیی ده‌ستیان كردووه به ڕووخاندنی خانووی هاووڵاتییانی هه‌ژار، ئه‌وه‌ش گه‌نده‌ڵی ئیدارییه بۆ ئیمتیازی كه‌سێتی به‌كار ده‌هێنرێ.
•چاره‌سه‌ری دۆخی كه‌ركووك له چیدا ده‌بینن؟
كه‌ركووك پێویستی به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه و شه‌رعییه‌ته، له ڕۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه متمانه و شه‌رعییه‌ت له ئیداره‌ی كه‌ركووك نه‌ماوه، ده‌بێت شه‌رعییه‌ت بۆ كه‌ركوكییه‌كان بگه‌ڕێته‌وه.
•باره‌گاكانی كۆمه‌ڵی حزب داگیر كراون و ئێوه‌ش باره‌گاكانتان داگیر كراوه، بۆتان نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه؟
له 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه باره‌گاكانمان و ماڵی خۆم و ته‌واوی به‌رپرسانی حزبه‌كه‌م داگیر كراون، تاڵان كراون له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، تا باره‌گاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و باره‌گاكانی ئێمه‌ش نه‌گه‌ڕێته‌وه، شه‌رعییه‌ت بۆ كه‌ركووكییه‌كان نه‌گه‌ڕێته‌وه، میلیشیاكان و هێزه‌كانی سوپا له‌ناو كه‌ركووك نه‌ڕواته ده‌ره‌وه، دۆخ ئاسایی نابێته‌وه.
•باس له‌وه ده‌كرێت كه‌ركووك جگه له‌و بودجه‌یه‌ی ساڵانه له به‌غداوه بۆی دێت، ڕێكخراوه خێرخوازییه‌كانیش پاره بۆ پڕۆژه دابین ده‌كه‌ن؟
به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه پاره‌كان بۆ كه‌ركووك دابین ده‌كرێت، به‌ڵام دابه‌ش ناكرێت بۆ پڕۆژه و خزمه‌تگوزاری گشتی له ته‌واوی كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری، پشكی شێری پاره بۆ ناوچه عه‌ره‌بییه‌كان و شاره‌دێ حه‌ویجه سوودمه‌ند بوون، ڕاكان و به‌رپرسانی تری ئیداری بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان و تاكلایه‌نانه كار ده‌كه‌ن، بۆ نه‌ته‌وه و ده‌وروبه‌ریان كار ده‌كه‌ن.
هه‌ڵه‌بجه / عه‌زیز هه‌ورامی