ئەنەكەسە: سوورین لەسەر جێگیركردنی مافەكانی كورد لە دەستووری نوێی سووریا

:: PM:07:25:01/03/2021 ‌

بەرپرسی پێوەندییەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا ئاشكرای كرد كە تا ئێستە پێنج گەڕی دانوستان لە سووریا پێوەست بە دەستووری نوێی ئەو وڵاتە بەڕێوە چووە و هیچ ئەنجامێكی نەبووە، چونكە رژێم بیانوو دەگرێ بۆ ئەوەی رێككەوتن نەكرێت، دووپاتی كردەوە كە رێگا نادەن دەستووری نوێی سووریا دوور لە مافەكانی كورد پەسند بكرێت.
رژێمی سووریا ئامادە نییە رێككەوتن لەسەر نووسینەوەی دەستووری نوێی بكات
ئیبراهیم برۆ، بەرپرسی پێوەندییەكانی ئەنەكەسە بۆ "وشە" گوتی، ئێستە لە گەڕی پێنجەمی دانوستانەكانداین بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا و نوێنەری نێودەوڵەتی هەندێك لە دانوستانەكان بێ هیوا بووە، چونكە شاندی رژێمی سووریا ئامادەی رێككەوتن نییە، بۆیە دانوستانەكان وەستان و نوێنەری نێودەوڵەتی سەردانی دیمەشقی كردووە و توركیا و رووسیا و ئۆپۆزسیۆنیش دەبینێت، ئەگەر رژێم و رووسیا بەڵێن نەدەن دانوستان بەردەوام بێت و ئامادەی رێككەوتن  نەبن، دانوستانەكان جارێكی تر دەست پێ ناكاتەوە.

بەرپرسی پێوەندییەكانی ئەنەكەسە روونی كردەوە، تا ئێستە پێنج گەڕی دانوستان كراوە و هیچ ئەنجامێكی نەبووە، رژێمی سووریا ئامادە نییە رێككەوتن لەسەر نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا بكات، چونكە دەیەوێت بگاتە مانگی شەش و جارێكی تر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بكرێت و شەش ساڵی تر تەمەنی سەرۆكایەتیی سووریا درێژ دەبێتەوە، ئەوكات ئامادە نابن دانوستان بكەن.

برۆ باسی لەوەیش كرد، سەبارەت بە مافەكانی كورد، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی كورد وەك پێكهاتەیەكی سەرەكیی بێت و زمانیشی وەك عەرەبی فەرمی بێت، بەڵام رژێمی سووریا لەوەیش ناڕەزایەتی هەیە و دەیەوێت سووریا وەك هەر وڵاتێكی تری عەرەبی زمانی تەنیا عەرەبی بێت.
"پێویستە مافەكانی گەلی كورد لە دەستووری نوێی سووریا جێگیر بكرێت، ئەگەر نا بەهیچ شێوەیەك ئێمە رازی نابین و داكۆكی لە مافەكانی كورد دەكەین"، بەرپرسی پێوەندییەكانی ئەنەكەسە وای گوت.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل