سبەی لە پەرلەمانی عێراق تاوتوێی بودجە و دادگای فیدراڵ دەكرێت

:: PM:08:59:01/03/2021 ‌

بڕیارە سبەی لە پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەك لەنێوان سەرۆكایەتیی پەرلەمان و هێزە سیاسییەكان بەڕێوە بچێت بۆ باسكردنی چەند یاسایەكی گرنگ كە لە پەرلەمان گیریان خواردووە، هاوكات ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای ژنە رزگاربووەكانی ئێزیدی درا.
پەلە لە تەواوكردن و پەسندكردنی بودجە بكرێت
بەپێی بەیاننامەیەكی كورتی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان رای گەیاندووە كە بەیانی سێشەم كۆبوونەوەیەكی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی لیستی هێزە سیاسییەكان بۆ باسكردنی چەند یاسایەكی گرنگ كە لەناو پەرلەمانە، كۆ دەبنەوە، لەوانە یاسای بودجە و پەلەكردن لە پەسندكردنی و یاسای دادگای فیدراڵ. 

ئەمڕۆ دووشەم پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای ژنە رزگاربووەكانی ئێزیدی دا و بەپێی بەیاننامەیەكی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان، ئەمڕۆ دووشەم 1ی ئازار، پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ژمارە 38ی یەكەم وەرزی یاسادانانی سێیەم ساڵی خولی چوارەم بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی و ئامادەبوونی 180 پەرلەمانتار ساز كرد.

لە دانیشتنەكەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای ژنە رزگاربووەكانی ئێزیدی دا، دواتر لەناو هۆڵی پەرلەمان بووە شەڕ و پاڵپاڵانێی ئەندامان و بەو هۆیەوە دانیشتنەكە پەكی كەوت، كاتێك لەنێوان ژمارەیەك پەرلەمانتاری سوننە بووە شەر، كە ژمارەیەكیان واژوویان بۆ دەست پێكردنی لێكۆڵینەوە لە گەندەڵی پەرلەمانتارێكی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین كۆ كردبووەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە دانیشتنەكە بەردەوام بوو. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل