ڤاكسینی كۆرۆنا گەیشتە عێراق

:: AM:08:30:02/03/2021 ‌
وەزارەتی تەندروستی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، یەكەمین ژەمە ڤاكسین گەیشتە عێراق و وەزیری تەندروستی عێراقیش دەڵێت، ڕێككەوتن كراوە بەپەلە دوو ملیۆن ڤاكسینی تر بۆ عێراق دابین بكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم دووی ئادار، لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق هاتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكەم قۆناغی ژەمە ڤاكسینی سینۆفارمی چینی گەیشتە عێراق، حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی و باڵیۆزی چین لە عێراق و محەمەد بەیاتی سكرتێری تایبەتی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقی پێشوازیان لێكرد. 

وەزارەتی تەندروستی رێككەوتنی كردووە بەمەبەستی دابینكردنی ڤاكسین بۆ زۆرترین رێژەی هاووڵاتییان

وەزیری تەندروستی عێراق گوتی، لەگەڵ باڵیۆزی كۆماری چین لە عێراق ڕێككەوتن كراوە بەشێوەیەكی بەپەلە دوو ملیۆن دەرمانی ڤاكسینی سینوفارم بۆ عێراق دابین بكرێت.

ڕوونی كردەوە، وەزارەتی تەندروستی رێككەوتنی كردووە بەمەبەستی دابینكردنی ڤاكسین بۆ زۆرترین رێژەی هاووڵاتییان.

ئەو بڕە ڤاكسینەی هاتووە بڕیارە ئەمڕۆ بەشی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت و لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوو دەست بكرێت بە پێدانی یەكەمین ژەمە ڤاكسین بە كارمەندانی تەندروستی.



وشە - رامیار جەواد