ڕۆمانی "پژمین" چاپ کرا

:: AM:09:56:02/03/2021 ‌
ڕۆمانی "پژمین" چاپ کرا و بڕیاره‌ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ئێرانەوە بگاتەوە هەرێمی کوردستان و بڵاو بكرێته‌وه‌، به‌رهه‌مه‌كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ بڵاوکراوەکانی ماڵی وەفایی و له‌ نووسینى شاخەوان برایم عەبدوڵایه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م دووى ئادار،  شاخەوان برایم عەبدوڵا نووسه‌رى ڕۆمانى "پژمین" به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، "ڕۆمانه‌كه‌ له‌ بڵاوكراوەكانی ماڵی وەفاییه‌، ژمارەی لاپەڕەكه‌ى (332)لاپەڕەیه‌، ژمارەی سپاردن (950) ساڵی 2020 لە بەڕێوەبەرایەتیی كتێبخانە گشتییەكان پێدراوە."

زیاتر گوتى، "لە دەرەوەی وڵات، له‌ ئێران چاپ كراوه‌، دیزاین له‌لایه‌ن لوقمان ڕەشیدی كراوه‌".

ڕوونى كرده‌وه‌، "تەوەر یاخود دۆخی سەرەكی ڕۆمانی پژمین، پەتای كۆرۆنایە و بیرۆكەی نووسینیشی بۆ سەروەختی كەرەنتینە لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە و هەر لە مانگیشدا تەواو بوو، واتە دەستپێكی نووسینی لە 12ى ئادارى ساڵى 2020 بوو، 30ى ئادارى ساڵى 2020یشدا كۆتایی هات و هەر ئەوكاتیش هەوڵی نووسینی یەكەمین رۆمان لەسەر پەتای كۆرۆنا لە ماڵپەڕ و پەیجەكان و تەنانەت لە وشەیش بڵاو كرایەوە، بەڵام بە هۆكاری كەرەنتینە و هەندێ بابەتی تر كە ڕێگربوون لە بە چاپگەیاندنی، چاپكردنی پژمین بۆ ئەمساڵ دواكەوت".

یه‌كه‌م ڕۆمان له‌سه‌ر ئه‌و په‌تایه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌
ئاماژه‌ى دا، "بۆیە دەتوانین بڵیین پژمین یەكەمین ڕۆمانی كوردییە كە تەوەرە سەرەكییەكەی پەتای كۆرۆنا بێت، چونكە ئەوكات دۆخێكی ترسناك بوو، هەمووان بە چڕی لە پەتاكە دەترسان و ژیانی ئاسایی خەڵكیش گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی بەسەردا هاتبوو، ئەمەش كاریگەری دەروونی لەسەر خەڵكی بە گشتی دروستكرد و بۆشاییەكی فراوانیش كەوتە نێوان مرۆڤەكانەوە كە لە پژمیندا بە دیقەت و وردییەوە ئەو بۆشاییە ئیشی لەسەر كراوە و بە شێوەیەكی هونەری ستۆری بۆ دروستكراوە."

ئاشكراى كرد، "پژمین، بەرهەمی ئەو كاریگەرییە دەروونییەیە كە ئەوكات دووچاری مرۆڤی كورد و جیهانیش بووەوە، بە بەڵام تێكەڵكردنی چەندان تەوەری تر یاخود ستۆری تری وەك عیشق و خۆشەویستی و جەنگ و ململانێ و هەروەها گفتوگۆی ئایینی و غەیرە ئایینی لەسەر پەتاكە، لەگەڵ نۆستالیجیا و حەزی گەڕانەوە بۆ زێد و چەندان تەوەری تریش كە هەموویان بە یەكەوە پژمین پێك دەهێنن، لێرەدا حەز ناكەم هەموو شتێك لەسەر رۆمانەكە ئاشكرا بكەم، بەڵكوو ئەوە بۆ خوێنەران جێدەهێڵم و سەرپشكیان دەكەم چۆنچۆنی كۆدەكانی ڕۆمانەكە دەكەنەوە و خوێندنەوەیان بۆی چی و چۆن دەبێت، گرنگ ئەوەیە هەر ڕۆمانە و جۆرێك تایبەتمەندی و ڕوئیای تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام ئەوە دەڵێن، دۆخی سەرەكی پژمین، وەك ئەوە وایە وێنەی مانگی سێی ساڵی ڕابردووی چركاند بێت، ئەویش بە تێكەڵكردنی خەیاڵ و چیرۆكگەلێكی هونەری، نەك تەنیا ئامارەكانی گواستبێتەوە."

ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، "پژمین، ئێسته‌ لەژێر چاپدایە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگاتە بەردەستی خوێنەران و لە ڕێی ماڵی وەفاییەوە لە سەرتاسەری كوردستان بڵاو دەكرێتەوە."

شاخه‌وان برایم عەبدوڵا، وێڕای ئه‌وه‌ی وه‌ك نووسه‌رێكی شرۆڤه‌كاری سیاسی ناسراوه‌ و ده‌یان وتار و چه‌ند كتێبێكی له‌و بواره‌دا هه‌یه‌ و ڕۆژنامه‌نووسیشه‌، به‌ڵام وه‌ك نووسه‌ری چیرۆك و ڕۆمانیش ئه‌سپی خۆی تاو داوه‌ و تا ئێسته‌ یه‌ك كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك و ڕۆمانێكی بڵاو بوونه‌ته‌وه‌. خه‌ڵكى هه‌ولێره‌، بەرهەمە چاپكراوەكانی نووسەر بریتین له‌ /سێبەرەكانی جەنگ، چیڕۆك، 2012 - ئیسلامی سیاسی لە گوتاری توندڕەوییەوە بۆ خەونی خەلافەت-2017 - كورد لە ئۆكتۆبەری ڕەشدا 2018 - ئیسلامی سیاسی فریودان و تیرۆریزم 2018 - ئیناس و پیاوەكانی خەلیفە، ڕۆمان-2019 - پژمین، ڕۆمان-2021م./


وشە - محەمەد میران