ئەمڕۆ شاندێكی حكوومی دەچێتە بەغدا

:: AM:10:35:02/03/2021 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی كارگەكان، بچێتە بەغدا و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق بكات.

ئەمڕۆ سێشەم دووی ئادار، هەرێم ڕەحیم خاوەنی كۆمپانیای های زەند، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ماوەیەكی زۆرە لە عێراق كێشەی تۆمار بۆ كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت و رێ‌ نادرێت بەشێوەیەكی دروست كارەكان بكەین.

زیاتر گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە سەرۆكایەتی شاندێكی وەزارەت، بچێتە بەغدا بۆ چارەسەری كۆمەڵێك كێشە و گرفت بۆ كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت.

بەردەوام لەكاتی ناردنی كەلوپەل بۆ شارەكانی عێراق ئەو كێشەیەمان هەیە

باسی لەوەش كرد، ئەو سەردانە ئەگەر كێشەی كۆمپانیاكان كۆتایی پێ‌ بهێنرێت بۆ كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان زۆرباش دەبێت، چونكە دەبێتە هەنگاوێكی گرنگ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانی بەردەم بازرگانان و خاوەن كارگەكان لە هەرێمی كوردستان، كە بەردەوام لەكاتی ناردنی كەلوپەل بۆ شارەكانی عێراق ئەو كێشەیەمان هەیە .

ڕۆژی 25ـی كانوونی دووەم، شاندێكی وەزارەتی بازرگانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد، بەمەبەستی چارەسەری كێشەی تۆماری كۆمپانیاكان كە ماوەیەكی زۆرە لە دەروازەكان هەیە و لەكاتی گواستنەوەی بەرهەمان كێشە دروست دەبێت.




وشە - رامیار جەواد