سلێمانی.. لە 2020 هاوسەرگیری 15 ئەوەندەی جیابوونەوە بووە

:: AM:11:18:02/03/2021 ‌
دادگای سلێمانی ئاماری مامەڵەكانی دادگاكانی سەر بە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بۆ ساڵی 2020 بڵاو كردەوە، بەپێی ئامارەكە، نزیكەی 16 هەزار هاوسەرگیری ئەنجام دراوە و تەنیا هەزار و 728 جیابوونەوە هەبووە.

ئەمڕۆ سێشەم دووشی ئادار، دادگای سلێمانی ئاماری مامەڵەكانی دادگاكانی سەربە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بۆ ساڵی 202 بڵاو كردەوە و بەپێی ئامارەكە، ساڵی ڕابردوو 15 هەزار و 862 هاوسەرگیری ئەنجام دراوە و ڕێ بە 11 پیاو دراوە ژنی دووەم بهێنن كە زۆرترینیان لە هەڵەبجە بووە.

تەنیا هەزار و 728 جیابوونەوە تۆمار كراوە

لە ئامارەكەدا ڕوون كراوەتەوە، 310 مارەبڕینی دەرەوەی دادگاكان پەسەند كراون و تەنیا هەزار و 728 جیابوونەوە تۆمار كراوە، هەروەها دوو هەزار و 312 لە دایكبوون تۆمار كراوە لەگەڵ سێ‌ هەزار و 829 وەفاتنامە تۆمار كراوە.

باس لەوەش كراوە، لە ساڵی 2020 لە سلێمانی بۆ دابەشكردنی میرات، پێنج هەزار و 129 مامەڵە تۆمار كراوە و مامەڵەش بۆ گلدانەوەی 166 شوێن هەبووە.

 ئەو ئامارە لە كاتێكدایە پێشتر لەلایەن چەند كەسانێكەوە باس لەوە دەكرا ڕێژەی هاوسەرگیری لە سلێمانی زۆری دابەزیوە و جیابوونەوە دوو هێندەی لێ هاتووە.



وشە - رامیار جەواد