به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق ئاشكرای كرد، به‌بڕیارێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقی، تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا به ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ناویان تۆمار ده‌كرێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م دووی ئادار، ڕیاز حه‌لفی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "بڕیارمان داوه بۆ له‌مه‌ودوا له ته‌واوی شاره‌كانی عێراق ھه‌ر كه‌سێك تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێت، به ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ناوی تۆماری ده‌كه‌ن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین".
زیاتر گوتی، "له‌ناو تووشبووانی كۆرۆنای نوێ منداڵ و گه‌نجی زۆر هه‌ن، ئه‌وانی تووشیش بوون، هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ته‌ندروستییان نییه، ئێسته تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له شاره‌كانی كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و ناسرییه و به‌سره و به‌غدا هه‌یه و هه‌روه‌ها له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش بوونی هه‌یه".
ڕوونی كرده‌وه، پێویسته ئه‌وانه‌ی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بن، له جۆری كۆن و نوێ له ماڵه‌كانی خۆیان له ژوورێك به ته‌نیا خۆیان كه‌ره‌نتین بكه‌ن و سه‌ردانی هیچ شوێنێك نه‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی ته‌ندروستیان خراپه، ده‌كرێت سه‌ردانی بنكه‌كانی ته‌ندروستی بكه‌ن.
ئه‌وه‌یش له كاتێكدایه كه هه‌ر ئه‌مڕۆ سێشه‌م دووی ئادار، له ڕاگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق هاتووه، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م قۆناغی ژه‌مه ڤاكسینی سینۆفارمی چینی گه‌یشته عێراق، حه‌سه‌ن ته‌میمی وه‌زیری ته‌ندروستی و باڵوێزی چین له عێراق و محه‌مه‌د به‌یاتی سكرتێری تایبه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی عێراقی، پێشوازیان لێ كرد.
ئه‌و بڕه ڤاكسینه‌ی هاتووه بڕیاره ئه‌مڕۆ به‌شی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، له ماوه‌ی دوو ڕۆژی داهاتوو ده‌ست بكرێت به پێدانی یه‌كه‌مین ژه‌مه ڤاكسین به كارمه‌ندانی ته‌ندروستی.
به‌پێی دوا ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق، تا ئێسته زیاتر له 699 هه‌زار كه‌س له عێراق و هه‌رێمی كوردستان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونه، زیاتر له 13 هزار كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و نزیكه‌ی 640 هه‌زار كه‌س تووشبوویش چاك بوونه‌ته‌وه.