سبەی بەفر دەبارێت

:: AM:11:59:02/03/2021 ‌
بەرپرسی پێشبینییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، سبەی باران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمی كوردستان بەفر دەبارێت.

ئەمڕۆ سێشەم دووی ئادار، بژار ئەكرەم لێپسراوی بەشی پێشبنییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەكان ئاسمان لە نێوان هەور و نیمچەهەوردا دەبێت و هەندێك كات نمەباران دەبێت.

لەناو شارەكان نمەبارانی پچڕ پچڕ دەبێت

زیاتر گوتی، سبەی چوارشەم لە سنووری پارێزگای هەولێر بارانبارین دەست پێ دەكات و لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان بەفر دەبارێت، لە شارەكانی تریش لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر دەبێت و لەناو شارەكان نمەبارانی پچڕ پچڕ دەبێت.

باسی لەوەش كرد، بەرزترین پلەكانی گەرمای ئەمڕۆ لە هەولێر 17 پلە، لە دهۆك 15 پلە، لە سلێمانی 18 پلە، لە كەركووك 20 پلە دەبێت، بۆ سبەیش پلەكانی گەرما نزم دەبێتەوە و لە هەولێر 16 پلە، لە دهۆك 16 پلە، لە سلێمانی 17 پلە، لە كەركووك 19 پلە دەبێت.

هاتنی ئەو شەپۆلی بەفر و بارانە بەپێی پێشبینییەكان، تا ڕۆژی پێنجشەم بەردەوامی دەبێت و ڕۆژی هەینی كۆتایی دێ‌.

ڕۆژی 17ـی شوبات شەپۆلێكی بەفربارین هەرێمی كوردستانی گرتەوە و بەو هۆیەوە لە زۆری ناوچەكان بەفر باری، پلەكانی گەرمی لەناو سەنتەری شارەكان دابەزی بۆ سفر پلەی سەدی.



وشە - رامیار جەواد