بڕیاره له ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی داهاتوو، فێستیڤاڵی بازاڕ له كفری به‌ڕێوه بچێت كه تایبه‌ت ده‌بێت به به‌رهه‌مه خۆماڵییه‌كان.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م دووی ئادار، له‌یلا حه‌مه‌ڕه‌شید یه‌كێك له سه‌رپه‌رشتیارانی فێستیڤاڵی بازاڕ له كفری، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌شداریكردن له یه‌كه‌مین فێستیڤاڵی بازاڕ له كفری ده‌ستی پێ كردووه كه بڕیاره ڕۆژی چوارشه‌م 10ی ئادار ده‌ست پێ بكات".
زیاتر گوتی، "فێستیڤاڵه‌كه بۆ ماوه‌ی چوار ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، ڕۆژانه له سه‌عات 10 به‌یانی بۆ هه‌شتی ئێواره له ناو شاری یاریی كفری به‌ڕێوه ده‌چێت".
ڕوونی كرده‌وه، "فێستیڤاڵه‌كه هه‌ل و ده‌رفه‌تێكی ناوازه‌یه بۆ خاوه‌ن كار و كۆمپانیا و بڕانده‌كان و كارگه‌كان، كه ڕاسته‌وخۆ دانیشتووانی كفری و دیاله و سه‌ڵاحه‌دین و ده‌وربه‌ریان به به‌رهه‌مه‌كانیان ئاشنا ببن، به‌تایبه‌ت به به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كانی كوردستان".
كفری شارێكی دێرینی كوردستانه ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی گه‌رمیانه‌وه، له‌م شاره‌دا نه‌ته‌وه‌ی كورد و توركمان و عه‌ره‌ب تێیدا ده‌ژین كه زۆربه‌ی دانیشتووانی كوردن، كفری له ڕووی ئاوھهواوه كه‌شێكی مامناوه‌ندی ھه‌یه، به‌ڵام له وه‌رزی ھاویندا گه‌رمه.