هێرش كرایە سەر ئۆتۆمبێلی سوپای پاسداران

:: AM:09:53:03/03/2021 ‌
لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران، گرووپی "جەیشولعەدل" هێرشی كردە سەر ئۆتۆمبێلێكی سوپای پاسداران. ئێران دەڵێ بەو هۆیەوە كەسێك بریندار بووە و كەسێكیش بێسەروشوێنە، بەڵام گرووپەكە باس لە كوشتنی پێنج كەس و بەبارمتەگرتنی سێ كەسی تر دەكات.

محەمەد هادی مەرعەشی یاریدەدەری پارێزگاری سیستان و بەلووچستان بۆ كاروباری تەناهی، هەواڵەكەی پشتڕاست كردووەتەوە و گوتوویەتی، ئۆتۆمبێلێكیان هێرشی كراوەتە سەر كە سەربە یەكەی ئەندازیاری سوپای پاسداران بووە. پێوەندییەكانی قەرارگای قودسی سوپای پاسدارانیش ئاماژەی داوە بە هۆی هێرشەكەوە، كەسێكیان بێ سەروشوێنە و كەسێكیش بریندار بووە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، لە لایەكی ترەوە ماڵپەڕی "رەسەدی بەلووچستان" بەیاننامەیەكی گرووپی "جەیشولعەدل"ی بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، هێرش كراوەتە سەر دوو ئۆتۆمبێل، یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان بە تەواوی لەناو چووە و ئۆتۆمبێلەكەی تریش بە سەرجەم سەرنشینەكانیەوە بە بارمتە گیراون.

پێنج كەس كوژراون و سێی تریش بە بارمتە گیراون.


بەپێی بەیاننامەكە، پێنج كەس كوژراون و سێی تریش بە بارمتە گیراون. ئەم رووداوە دوای ئەوە دێت كە سەرەتای ئەم هەفتەیە سوپای پاسداران تەقەی لە شوفێرانی گواستنەوەی سووتەمەنی لە سنوورەكە كرد، كۆمەڵێك هاووڵاتی كوشت و دواتر لە شاری سەراوان خەڵك هێرشیان كردە سەر بنكەی پۆلیس، ئاگریان لە ئۆتۆمبێلەكانی پۆلیس بەردا و بۆ ماوەیەك شارەكە نائارام بوو.

"جەیشولعەدل" گرووپێكی چەكدارە كە بە دروشمی بەرگری لە خەڵكی بەلووچستان لەو پارێزگایە چالاكی هەیە، بەڵام ئێران بە "جەیشولزولم" ناوی دەبات.


وشە - سلێمان تاشان