تا سێ مانگی تر تەواوی ئەمەریكییەكان دەستیان بە پێكوتەی كۆرۆنا دەگات

:: PM:12:24:03/03/2021 ‌
سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند تا سێ مانگی تر تەواوی ئەمەریكییەكان دەستیان بە پێكوتەی كۆرۆنا رادەگات. سەرۆكی ئەمەریكا بەڵێنەكەی دوو مانگ پێش خستووە.

جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا گوتی "كاتێك هاتمە كۆشكی سپی حكوومەتی پێشتر بۆ تەواوی بەساڵاچووان پێكوتەی ئامادە نەكردبوو و سێ هەفتە لەمەوبەر قسەیەكم كرد كە تا كۆتایی تەمووز هەموویان دەكوترێن  و ئێستەش ئەو بەڵێنەم دوو مانگ پێش خستووە."

مانگی رابردوو جۆ بایدن باسی لەوە كرد لەگەڵ كۆمپانیای مۆدێرنا و فایزەر گرێبەستی كڕینی 200 ملیۆن ژەمی پێكوتەی كۆرۆنای واژوو كردووە.

ئەمەریكا 600 ملیۆن پێكوتەی كڕیوە كە بەشی 300 ملیۆن كەس دەكات

بەگوێرەی رادیۆ فەردا بەگشتی ئەمەریكا 600 ملیۆن پێكوتەی كڕیوە كە بەشی 300 ملیۆن كەس دەكات و بەشی دانیشتووانی ئەمەریكا دەكات.

ئەمەریكا لەو وڵاتانەیە كە بەهۆی كۆرۆنا زیانێكی زۆری ئابووری و گیانی بەركەوت و سەرووی نیو ملیۆن كەس بە نەخۆشییەكە مردوون.
جێی باسە دوێنێ سێشەم بۆ یەكەم جار پێكوتەی كۆرۆنا گەیشتە هەرێمی كوردستان كە لە لایەن چینەوە بە دیاری پێشكەشی عێراق كرابوو و هەرێمی كوردستان پشكی خۆی وەرگرت.

زۆربەی وڵاتان دەستیان بە كوتان دژی كۆرۆنا كردووە و ئومێد هەیە پاشەكشە بەو ڤایرۆسە بكات كە ژیانی لە مرۆڤ تاڵ كردووە.



وشە - سلێمان تاشان