ئیسرائیل و ئەمەریكا بە نهێنی لە دژی ئێران رێككەوتوون

:: PM:01:57:03/03/2021 ‌
ئیسرائیل لە پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئەمەریكا و بەستنی رێككەوتنێكی نهێنی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەنگاوێکی گرنگی بڕی، ئامانج ئەوەیە بە هەموو شێوەیەك رێگری لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەكی ناوكیی بكرێت.

میدیاكانی ئیسرائیل پەردەیان لەسەر ئەو رێككەوتنە نهێنییە لاداوە و نووسیویانە، ئەو دوو وڵاتە لەبارەی چالاكییە ناوكییەكانی ئێران ئاڵوگۆڕی زانیاری دەكەن، بەیەكەوە رێكارەكانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئێرانیش تاوتوێ دەكەن.

گابی ئەشكنازی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتوویەتی، رێككەوتنەكەیان لەگەڵ ئەمەریكا دوو بنەمای سەرەكی لەخۆ دەگرێت، یەكەمیان ئەوەیە ئاڵوگۆڕی زانیاری بكەن لەبارەی هەر هەنگاوێك كە بۆ چارەسەركردنی پرسی ناوكیی ئێران دەنرێت، دووەمیش کارێک بکەن بە هەموو شێوەیەك دەستی بە چەكی كۆمەڵكوژ رانەگات.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، ئەو وەزیرەی ئیسرائیل ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەمبارەیەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا قسەی كردووە و رەتی كردووەتەوە ئەمەریكییەكان زۆر پەلەیان بێت لەوەی هەرچی زووە لەسەر پرسی ناوكیی لەگەڵ ئێران رێك بكەون.

ئەو دڵنیاییەی لە ئەمەریكا وەرگرتووە هەنگاوێك نەنێت ببێتە هۆی نیگەرانی ئیسرائیل.


گفتوگۆكانی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل بەردەوامە، ئیسرائیل ئەو دڵنیاییەی لە ئەمەریكا وەرگرتووە هەنگاوێك نەنێت ببێتە هۆی نیگەرانی ئیسرائیل.

جێی باسە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، پێوەندییەكی زۆر پتەوی لەگەڵ ئیسرائیل هەبوو و هەنگاوەكانی ترەمپ زۆر بە دڵی ئیسرائیل بوون، بەڵام ئەگەری گەڕانەوەی بایدن بۆ رێككەوتنی ناوكیی ئیسرائیلی نیگەران كردبوو.


وشە - سلێمان تاشان