شوان عەبدولحەمید سەرۆكی یەكێتی خاوەنكارانی كوردستان لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" ڕای دەگەیەنێت، ئێستە چەند پڕۆژەیەكی گەورە، پڕۆپۆزەڵیان بۆ ئامادە كراوە و بەمنزیكانە ڕادەگەیەنرێن، یەكێك لە پڕۆژەكان دەبێتە گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی سپیایی و لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی فڕەنسا جێبەجێ دەكرێت، هەروەها ئێستە ژنان لە بازرگانی ڕۆڵێكی ڕاستەقینە دەگێڕن و زیاتر لە 35%ـی ئەندامانی یەكێتییەكە ژنن و بەڕاستیی كاری بازرگانی دەكەن.
•یەكێتی خاوەنكارانی كوردستان چەند ئەندامی هەیە و چۆن كار دەكەن؟
ژمارەی ئەندامانی یەكێتی خاوەنكارانی كوردستان ئێستە دوو هەزار ئەندامی هەیە، لە سەرەتای دامەزراندنی یەكێتییەكە 50 ئەندامی هەبوو، بەڵام دوای بەخێرایی فراوان بوو و ژمارەی ئەندامەكانی زۆر زیاد بووە، بەشی زۆریان كاری جۆراوجۆر دەكەن، سەربەستن لە شێوازی كاركردن لە بواری ئابووری و پیشەسازی و وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون و... هتد.
•ئەندامەكان كوردن یان بیانیشن؟
10%ـی هەلی ئەندامبوون دراوە بە بازرگان و سەرمایەداری بیانی، بۆ ئەوەی پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ سەرمایەداران ئەنجام بدەن و ڕۆژانە هەوڵی هێنانی سەرمایەداری بیانی بدرێت، بەمەیش ئەڵقەی پارێزبەندی دروست دەبێت بەهێنانی بازرگانی بیانی بۆ یەكێتییەكە و ڕاكێشانی سەرمایە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا كە هەمیشە هەوڵی زۆرمان بۆی داوە.
•هەر دەوڵەمەندێك دەتوانێ ببێتە ئەندام لای ئێوە؟
بە وەرگرتنی هەر سەرمایەدارێك یان بازرگانێك وەك ئەندام، كۆمەڵێك مەرجی هەیە، پێویستە سەرمایەكەی بزانرێت و چۆن بەدەستی هێناوە، لیژنەی هەڵسەنگاندمان هەیە بۆ هەر خاوەنكارێك داوای پێشكەش دەكەن، دەبێت بزانرێت چۆن ئەو سەرمایەی بەدەست هێناوە و لەگەڵ كێ كاری كردووە و چۆن كار دەكات.
•ئەو كوردانەی لە دەرەوەی وڵات ئێستە ناو و ناوبانگیان هەیە و خاوەن سەرمایەكی زۆرن، لەگەڵ ئێوە هیچ كارێكی هاوبەشیان هەیە؟
ئەو بازرگانە كوردانەی لە دەرەوەن، پێوەندییەكی زۆرباشمان هەبوو، ئەگەر پەتای كۆرۆنا نەبوایە، بەرنامە دانرابوو بەشێك لەو سەرمایەدارانە بهێنینە كوردستان و كۆنفرانسێكی گەورە ئەنجام بدەین، ئێستەیش ئەو هەوڵە نەوەستاوە و بەنیازین ئەو پارەدارانە بەمنزیكانە لە هەولێر كۆ بكەینەوە، تەنانەت كوردانی ئەرمینیا و ڕووسیاشی تێدا دەبێت كە سەرجەمیان سەرمایەداری گەورەن، لەسەر ئاستی هەموو وڵاتان سەرمایەدارانی كورد كۆ دەكەینەوە.
•هەموو سەرمایەدارانی كوردستان ئەندامی یەكێتییەكەن؟
ئێستە ژمارەی ئەندامانی یەكێتی خاوەنكارانی كوردستان بریتییە لە دوو هەزار ئەندام و سەرمایەداری گەورە، چونكە هەموو كەسێك ئەگەر سەرمایەكەی زۆر نەبێت، پێی ناگوترێ سەرمایەدار، بەشێوەیەكی گشتی هەزار ئەندامی پلە یەكی هەیە و بەشێوەی بەردەوام كار دەكەن.
•ئەندامەكانی ئێوە زیاتر لە چ بوارێك كار دەكەن؟
تا ئێستە زۆرترین پارەی سەرمایەداران لە بواری نیشتەجێبوون و باڵەخانە خەرج كراوە، ئێستە دەمانەوێ ئەو ڕیتمە لاببەین و هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە بیری سەرمایەداران بگۆڕین و هانیان دەدەین پارەكانیان لە بواری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری خەرج بكەن.
•پیشەسازی خۆراك یەكێكە لەو كەرتانەی لە هەرێمی كوردستان زۆر لاوازە بەرنامەتان بۆی هەیە؟
ڕاستە ئێمە پێویستی زۆرمان بە پیشەسازیی خۆراك هەیە و دەمانەوێ گرنگی زۆری پێ بدەین، ئێستە بەشێكی زۆری سەرمایەدارەكانمان هۆشیار كردووەتەوە لەسەر ئەو بابەتە، جگە لەوەی كارێكی بازرگانی كارێكی نیشتمانیشە، چونكە بە بوونی پیشەسازی خۆراكی، هیچ كاتێك كێشەی خۆراكمان نابێت و مەترسی ئەوەمان نابێت كە جارێكی تر سنوورمان لەسەر دابخرێت، یان هەڕەشەی داخستنی سنوورمان لێ بكرێت. دەمانەوێ لە سەرەتای قۆناغی خۆبژێوی بین لە بەرهەمی پیشەسازیی خۆراك و دواتر بچینە قۆناغی هەناردە.
•گرنگترین پڕۆژە ئێستە ئامادە بێت لە بواری پیشەسازیی خۆراك چییە؟
نوێنەرانی 60 كۆمپانیای فڕەنسا ئێستە لەسەر داوای ئێمە هاتوونەتە كوردستان، لە بواری كشتوكاڵ و ئاژەڵداری كار دەكەن، ئەو كۆمپانیایانە لە بواری بەرهەمهێنانی سپیایی كار دەكەن و بەیەكەوە پڕۆژەی زۆر گرنگمان لە بواری كشتوكاڵ هەیە.
•حكوومەت گرنگی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ دەدات، ئێستە هیچ پڕۆژەیەكی گرنگ لە بواری كشتوكاڵی هەیە، ئەی ئەو پڕۆژەیەی ئێستە لەگەڵ ئەو كۆمپانیا فڕەنسییانە چییە؟
ئەو شاندەی فڕەنسا ئێستە لە هەرێمی كوردستانن، دوو پڕۆژەی گرنگی كشتوكاڵی لە سلێمانی جێبەجێ دەكەن،لە هەولێریش پڕۆژەیەكی گەورەی ئاژەڵداری دەچێتە بواری جێبەجێكردن كە پڕۆژەی بەرهەمی سپیاییە، ئێمە نامانەوێ چیتر چیرۆكی گەنمەكەی كوردستان دووبارە ببێتەوە، گەنم بچێنین و بیدەینە بەغدا و سێ ساڵ چاوەڕوان بكەین تا پارە دەنێرن، بەڵكو لەگەڵ كۆمپانیاكانی فڕەنسا دەمانەوێت بناغەی كارێكی باش دابنێین، لە هێنانی ئاژەڵ و كۆكردنەوەی شیر و دامەزراندنی كارگەی بەرهەمهێنانی بەرهەمی سپیایی كار بكەین، كارەكان هەموو بەرهەمەكانی سپیایی لەخۆ بگرێت.
•كەوایە سەرمایەی تێكەڵ بۆ پڕۆژە جۆراوجۆرەكان دەخرێتە كار؟
سەرمایەكی زۆر دەخرێتە خزمەتی ئەو پڕۆژەی بەرهەمهێنانی سپیایی پڕۆژەكانی تر، گرنگییەكی زۆری دەبێت بۆ بەرهەمی سپیایی لە هەرێمی كوردستان، هەروەها دوو كۆمپانیای كوردستان ئێستە پڕۆژەیەكی گرنگیان هەیە، ئەویش بریتییە لە هێنانی میوەی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی میوە و تا چیتر میوە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان هاوردە نەكرێت و لە ناوخۆ بەرهەم بێت، بەمنزیكانە لە ڕێوڕەسمێكدا ئەو پڕۆژانە واژووی جێبەجێكردنیان دەكرێت.
•ئەو یەكێتییە چەند ئەندامی ژنی هەیە كە سەرمایەدار بن و كار بكەن؟
ئێستە ژنان بەشێوەیەكی زۆر كارا كاری بازرگانی دەكەن و %35ـی ژنان لەناو یەكێتییەكە كار دەكەن، پڕۆژەی سەرمایەدارییان هەیە و لە بازاڕی كاری كوردستان شوێنپەنجەیان دیارە و لە مەیدانی كارن.
•گرنگترین پڕۆژە ئێستە تەواو ببێت و بەمنزیكانە بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان چییە؟
پڕۆژەی ئاوی تەماتەی هەریر ئێستە تەواو بووە و لە یەكی نیسان دەكرێتەوە، هەلی كار بۆ پێنج هەزار هاووڵاتی دەڕەخسێنێت. ئەو پڕۆژەیە بە كاری هاوبەشی حكوومەت و پیاوانی یەكێتی خاوەنكارانی كوردستان تەواو كراوە، بوونی ئەو هەموو هەلی كارە بۆ ئێستە زۆر گرنگە.