عێراق.. میلیشیاكان ترسی گورزێكی سەربازی ئەمەریكییان لێ نیشتووە

:: PM:04:46:03/03/2021 ‌

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەم بنكەی سەربازی (عەین ئەسەد)، لە پارێزگای ئەنبار دووچاری بۆردمانێكی مووشەكی هاتەوە، ئەمەریكا پێشتر لە وەڵامی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر، بارەگای میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە سووریا بۆردمان كرد، بۆیە دوای هێرشەكەی ئەمڕۆ ئەو میلیشیایانە مەترسی خۆیان لە گورزێكی چاوەڕوانكراوی ئەمەریكا دەربڕی.

غەزەنفەر بتێخ، سەركردە لە هاوپەیمانی (فەتح)، كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و زۆرینەی باڵی سیاسیی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لەخۆ دەگرێت، گوتی، مەترسی لە گورزی سەربازی ئەمەریكا بۆ پێگەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق هەیە بە پاساوی بۆردمانكردنی بنكەی سەربازی (عەین ئەسەد)، لە ئەنبار.
حكوومەتی عێراق بەرپرسە لە پاراستنی بنكە سەربازییەكان و هێزە فەرمییەكان
زیاتر گوتی، بێدەنگیی حكوومەتی عێراقی بەرانبەر بۆردمانەكەی حەشدی شەعبی لە سنوورەكانی عێراق و سووریا، دەبێتە پاڵنەرێك بۆ ئەمەریكا بۆ دووبارەكردنەوەی بۆردمانەكانی بۆ حەشدی شەعبی، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمڕۆ بنكەی (عەین ئەسەد)، دووچاری بۆردمانێكی مووشەكی هاتووەتەوە، بۆیە مەترسی لە بەكارهێنانی هێرشەكە وەك پاساوێك بۆ لێدانی حەشدی شەعبی و گرووپەكانی هەیە. 

روونی كردەوە، حكوومەتی عێراقی بەرپرسە لە پاراستنی بنكە سەربازییەكان و رێگرتن لە مووشەكبارانكردنی ئەو بنكانە و ئاشكراكردنی ئەنجامدەران، هاوكات حكوومەت بەرپرسە لە پاراستنی هێزە فەرمییەكانی سەر بە دەوڵەتی عێراق و رێگرتن لەهەر هێرشێكی دەرەكی بەهەر پاساوێك بۆ سەریان، وەك ئاماژەیەك بۆ حەشدی شەعبی.

ئەمڕۆ چوارشەم بنكەی سەربازی (عەین ئەسەد)، لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بە 10 مووشەك بۆردمان كرا، واین ماروتۆ، گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە تویتێك نووسیویەتی، ئەمڕۆ سەعات 7:20 خولەكی بەیانی بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەدی عێراقی، كە هەروەها هێزی هاوپەیمانانی تیادایە، بە 10 مووشەك بۆردمان كرا، هێزەكانی عێراقی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن.

لەوكاتەی سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراقی دووپاتی كردەوە مووشەكەكان لە گوندێكی نزیك بنكەكە هەڵدراون، لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژ بەناوی سەركردایەتی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لە عێراق گوتی، لایەنی پێوەندیدار دەستی بە لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد بە 10 مووشەكی جۆری گراد كردووە، دووپاتی كردەوە كە هەموو مووشەكان لە دەوروبەری بنكە سەربازییەكە كەوتوونەتەوە و زیانی گیانی و مایەكیان نەبووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل