پەیامی پشت هێرشە مووشەكییەكەی سەر عەین ئەسەد چییە و كێ لێی سوودمەندە؟

:: PM:06:51:03/03/2021 ‌

بەدەر لەوەی ململانێ و ناكۆكیی نێوان ئەمەریكا و ئێران چەند راستەقینەیە، كاریگەری لەسەر عێراق و تەواوی ناوچەكە هەیە، مووشەكبارانی بنكەی سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق بەردەوامە، بەڵام كێن ئەوانەی ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن و پەیامیان چییە و لە بەرژەوەندی و زەرەری كێدایە؟ 

د. محەمەد نەعناع، شرۆڤەكاری سیاسی لەبارەی هێرشەكان و پەیام و ئەنجامدەرانییەوە بۆ "وشە"، گوتی، ئەوەی لەو بۆرمانانە نوێیە، سێ مانگ لە گفتوگۆی نهێنی لەنێوان ئێران و ئەمەریكادا هەیە، هەموو عێراقییەكان جگە لەو گرووپانەی نێردەی دیپلۆماسی و بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا دەكەنە ئامانج، لەو دۆخەی هەیە رازی نین، چونكە دەبێتە هۆی تێخستنی عێراق لە ململانێی ئەمەریكا و ئێران و دەبێتە هۆی لاوازكردنی حكوومەت و كردنەئامانجی سەروەرییەكەی.

زیاتر گوتی، بە بڕوای زۆرینەی عێراقییەكان ئەو هێرشانە لەبری ئێران پەرەی سەندووە، بەشێوەیەك تەحەدایە بۆ حكوومەت و مەرجەعیەتی ئاینی و هێزە نیشتمانپەروەرەكان، ئەو هێزانەی هێرشەكان ئەنجام دەدەن، خۆیان ئاشكرا دەكەن بەوەی خۆیان لەپشت حەشدی شەعبی حەشار داوە و سوود لە توانا و ئامرازەكانیان وەردەگرن، لە بارەگاكانیان لە رۆژئاوا و باكوری عێراق لە مووسڵ و بەرتلە، ئەوانە خۆیان ئاشكرا كرد كە سوود لە دامەزراوەكانی دەوڵەت وەردەگرن بۆ ئەوەی خواستی ئێران جێبەجێ بكەن، لەبەرانبەردا ئەمەریكییەكانیش لە عێراق هەڵەیان هەیە و رێخۆشكەر بووە بۆ كردنەئامانجیان و پاساوهێنانەوە بۆ كردنەئامانجیان.    
ئەو هێرشانە لەبری ئێرانە و تەحەدایە بۆ حكوومەت و مەرجەعیەت و هێزە نیشتمانپەروەرەكان
نەعناع دووپاتی كردەوە، بۆردمانەكەی ئەمڕۆ راستەوخۆ پێوەندی بە سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق نییە، بەڵام ئەو هێرشانە تەحەدایەكن بۆ هەموو جموجۆڵێك بۆ بەهێزكردنی عێراق و سەروەرییەكەی، بۆ نموونە زیادكردنی ژمارەی هێزەكانی ناتۆ، كە ئەركیان راهێنان و پێدانی زانیاری هەواڵگری و چەكداریكردنە، هەروەها سەردانی سوپاسالاری سعوودیە بۆ عێراق بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی سنوورەكانەوە، پتەوكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ ئوردن و سەردانی ئێستەی پاپا، ئەگەریش هەیە بەمنزیكانە سەرۆكی میسڕ سەردانی بەغدا بكات، هەموو ئەو جموجۆڵانە لە بەرژەوەندیی ئێران و بریكارەكانی نییە، بەڵكو دەوڵەت بەهێز دەكەن، بۆیە ئەو بۆردمانانە كار لە كۆی ئەو جموجۆڵانە دەكەن كە هێزە نیشتمانپەروەرەكان بەهێزتر دەكات، ئەو بۆردمانانە پەیامێكن بۆ كۆی جموجۆڵە دەرەكییەكان بە ئاراستەی عێراق كە ئەو لایەنانەی بۆردمانەكە دەكەن پێی رازی نین. 

تا ئێستە سیاسەتی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا بەرانبەر بە عێراق و ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیار نییە، رەنگە ئەوەیش وای كردبێت ئێران و بەشێك لە میلیشیاكانی، بەناوی گرووپی نەناسراو، هەمان شێوازی كاركردنی پێشوویان لە سەردەمی بایدن دووبارە بكەنەوە، بە كردنەئامانجی بنكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئەوەی لە دۆخەكە گۆڕاوە، ئەمەریكا دەیەوێ رۆڵی سەربازیانەی خۆی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق كەمتر بكاتەوە و هێزەكانی ناتۆ بێنێتە پێشەوە. 

بەپێی زانیارییەكان بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم بنكەی سەربازی (عەین ئەسەد)، لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بە 10 مووشەك بۆردمان كرا، واین ماروتۆ، گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە تویتێك نووسیویەتی، ئەمڕۆ سەعات 7:20 خولەكی بەیانی بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد)ی عێراق، كە هەروەها هێزی هاوپەیمانانی تیادایە، بە 10 مووشەك بۆردمان كرا، ئێستە هێزەكانی عێراق لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن.

لەوكاتەی سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراقی دووپاتی كردەوە كە مووشەكەكان لە گوندێكی نزیك بنكەكە هەڵدراون، لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژ بەناوی سەركردایەتی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لە عێراق گوتی، لایەنی پێوەندیدار دەستی بە لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد)، بە 10 مووشەكی جۆری گراد كردووە، دووپاتی كردەوە كە هەموو مووشەكان لە دەوروبەری بنكە سەربازییەكە كەوتوونەتەوە و زیانی گیانی و مایەكیان نەبووە.

ئەگەرچی تا ئێستە هیچ لایەنێك بەرپرسیارەتی لە هێرشەكە رانەگەیاندووە، سەرچاوە تەناهییە رۆژئاواییەكان دووپاتیان كردەوە مووشەكەكان لە جۆری "ئاراش"ی دروستكراوی ئێرانن، دوای هاتنی جۆ بایدن بۆ كۆشكی سپی، چەند هێرشێك بنكەی سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و كاروانی پاڵپشتیی لۆجیستی هاوپەیمانانی كردووەتە ئامانج، لەوانە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر كە ئمەریكا وەك وەڵامێك حەوت بارەگای میلیشیاكانی لەناو خاكی سووریا بۆردمان كرد.   

بەردەوامیی هێرشەكان بۆ سەر ئەمەریكا و هاوپەیمانان هاوكاتە لەگەڵ سەردانی هەینی داهاتووی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق، هێرشەكەی ئەمڕۆیش دوای چەند رۆژێك لە هێرشەكەی ئەمەریكا لە سووریا دێت، بنكەی (عەین ئەسەد)، گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمەریكایە لە عێراق، دوای كوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، ئێران بە سەختی ئەو بنكەیەی بۆردمان كرد، بۆیە هەموو شتێك ئاشكرایە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە هێرشەكان تا كەی بەردەوام دەبن؟  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل