هاوسەری سەڵاح كوێخا: دوای مردنی لەلایەن كەسانێكی ناو حزبەكەیەوە تۆڵەی لێ دەكرێتەوە

:: PM:07:46:03/03/2021 ‌

هاوسەری كۆچكردوو سەڵاح كوێخا، سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان لەبارەی تۆمەتباركردنی هاوسەرەكەی لەسەر هەندێك پرس و بردنی پارەیەكی زۆر لە ماڵەكەی، ئاماژە دەكات كە نیگەرانە كەسانی ناو حزبەكەی لە تۆمەتباركردنی بەشدارن و دوای مردنیشی وازی لێ ناهێنن.

هیام مەحموود، هاوسەری كۆچكردوو سەڵاح كوێخا، سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان، بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، دەنگۆی بردنی 1832 دۆلار لە ماڵی ئێمە، دوورە لە راستییەوە و ئەو بابەتە هیچ بنەمایەكی نییە، دووپاتی كردەوە كە تۆڕێكی رێكخراو هەیە بۆ دژایەتیكردنمان، بەداخەوە ئێمە كراوینەتە ئامانج.
 ئیدارەی گەرمیان لەئاست دەستبردن بۆ سەڵاح كوێخا بێدەنگە
زیاتر گوتی، سەڵاح كوێخا، كەسانێكی زۆری لەسەر گەندەڵی سزا داوە و كەسانێكیشی داوەتە دادگا، بۆیە ئەوی بەرانبەری دەكرێت تۆڵەكردنەوەیە لە سەڵاح لەپاش مردنی، ئاشكرای كرد كە لەناو حزبەكەوەیەوە لەلایەن كەسانێكەوە تۆڵەی لێ دەكرێتەوە، چونكە لە كۆنگرە سەر كەوتوو بووە و بەتەمای هیچ پۆستێك نەبووە .

 "سەڵاح كوێخا بەگوشار لە پۆستەكەی مابووەوە، ئەگینا بڕیاری دابوو واز لە هەموو شتێك بێنێت و وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی ژیان بباتەسەر، ئێمە نیگەرانین ئیدارەی گەرمیان لەئاست دەستبردن بۆ سەڵاح كوێخا بێدەنگن، لەكاتێكدا چاوەڕێ بووین لەئاست تۆمەتباركردنی، ئیدارەی گەرمیان و دەزگا تەناهییەكان بێنە دەنگ و كەسانی بوختانچی بدۆزنەوە"، هیام مەحموود وای گوت.

هاوسەری سەڵاح كوێخا دووپاتی كردەوە كە ملیان لە موو باریكترە و بۆ هەر پرسیارێك و تۆمەتێك وەڵامیان هەیە، لەبارەی سامانی هاوسەرەكەیشییەوە گوتی، ئەو خانوویەكی هەیە لە شاری كەلار منی تێدام و هەندێك مەڕوماڵاتی لە گوندی (بانەبۆردا) هەیە، زەوی كشتوكاڵیشی هەیە كە موڵكی باوكییەتی  و بە تاپۆ بۆی ماوەتەوە. 

 لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئاخۆ سەركردەكانی یەكێتی هاتوونەتە ماڵەكەی، ئەو رەتی كردەوە بابەتی لەو جۆرە رووی دابێت و سەركردەكانی یەكێتی هاتبن بۆ ماڵەكەی بۆ بردنی پارە، ئەوەیش لەكاتێكدا باس لەوە دەكرێت سامان و پارەیەكی زۆری كۆچكردوو لەلایەن سەرۆكەكانی یەكێتییەوە براوە،  ئەو بە نیگەرانییەوە گوتی، ناكرێ دەست بۆ رابردووی كەسێك ببرێ و بێدەنگ بن، ئەوە پرسیاری زۆری لەدواوەیە.

چەند رۆژێكە لە كەلار دەنگۆی جۆراوجۆر لەبارەی بوونی كێشە لەناو خێزانی سەڵاح كوێخا هەیە و باس لە رفاندنی پارەی زۆر لەلایەن هاوسەرۆكی یەكێتییەوە دەكرێت.

سەڵاح كوێخا كەسایەتییەكی دیاری گەرمیان بوو، لە كاركردندا وەك حزبییەكی بیرتەسك دەرنەدەكەوت و پیاوی دەوڵەتیی بوو، بەڵام بە كۆرۆنا گیانی لەدەست دا و ئێستە تۆمەتی جۆراوجۆر بۆ ماڵباتەكەی دروست دەكرێت.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل